یەکەم وڵات دراوی ئەلیکترۆنی دەردەچوێنێت

ناوی "پێترۆ"یە

K24 – هه‌ولێر:

بۆ سەقامگیریی ئابووری و رزگاربوون لەو قەیرانە ئابوورییەی بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە دروستبووە ڤەنزوێلا یەکەم دراوی ئەلیکترۆنی بە ناوی پێترۆ دەردەکات کە پاڵپشتە بە نرخی نەوت.

کەناڵی تێلیسۆری ڤەنزوێلی لەسەر زمانی بەرپرسانی وڵاتەکە رایگەیاند، دراوی ئەلیکترۆنی پێترۆ، هەڕەشەی بازاڕی رەش و تاوانی مافیاکانی دراو سنووردار دەکات.

شرۆڤەکارن پێیان وایە، ئامانج لە دەرکردنی ئەو دراوە، خۆ رزگارکرنی ڤەنزوێلایە لەو دۆخە ئابوورییە سەختەی تێیکەوتووە، بەهۆی سزاسەپێندراوەکانی واشنتن بۆ سەر کاراکاس.

نیکۆلاس مادۆرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دراوی ئەلیکترۆنی پێترۆ جیاوازە لە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە، چونکە بە نەوت و سامانی کانزای ڤەنزوێلا پاڵپشتی دەکرێت.

گووتیشی: "پێترۆ لە لە شەش گەورەترین ناوەندی بانکی جیهانی بەردەستە، بەڵام ئاماژەی بە شوێنەکان نەدا، و گووتیشی لەسەر ئاستی نیشتمانی ئەو دراوە پەسەند دەکرێت.''

مادۆرۆ دەشڵێت سەرجەم ڤەنزوێلییەکان دراوی پێترۆیان دەستدەکەوەێت، بەڵام بەرواری مامەڵە نێودەوڵەتییەکانی ئاشکرا نەکرد، هاوکات گووتیشی ئەو دراوە بووەتەوە جێگرەوەیەکی یاسایی بۆ گرێبەستەکانی خانووبەرە.

بەهای یەک دراوەی ئەلیکترۆنی پێترۆ بە 3600 بۆلیڤاری دراوی نێوخۆیی ڤەنزوێلا دیاریکراوە و دەبێتە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی بەهای کارکردن و نرخی خزمەتگوزاری و کڕینی کاڵاکانی.

H.J