زیاتر لە 40 كەس لە خۆپیشاندانەكانی عێراق كوژران

زیاتر لە 3 ھەزار كەس بریندارە

K24 - ھەولێر

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ زیاتر40 کەس بەرزبووەوە و  قەدەغەی هاتووچۆش لە زۆربەی شارەکان راگەیەنرا. بڕیاریشە پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی ھەمان پرس كۆببێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، بۆ زیاتر لە 40 کەس و بریندارانیش بۆ نزیکەی 3 هەزار کەس بەرزبووەوە و  قەدەغەی هاتووچۆش لە پارێزگاکانی زیقار، بابل، واست، بەسڕە موسەننا و میسان راگەیەنرا. هاوکات، خێوەتی مانگرتنیش لە گۆرەپانی تەحریر هەڵدران.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەندێک کەس خۆپیشاندانەکانی بۆ مەبەستی کوشتنی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان قۆستووەتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران کۆببێتەوە.

لە راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، تایبەت دەبێت بە وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجامدانی چاکسازییەکان.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی لیژنەی لیکۆڵینەوە لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگەش تاوتوێ دەکرێت.

دوێنێ 25/10/2019، خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا شارەکانی باشووری عێراق بۆ داواكردنی هەلی كار، دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت و دژایەتی گەندەڵی بەرێوەچوو، بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوام بێت.

ھ.م