رووسیا بە بەھای 13 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار چەك دەفرۆشێت

رووسیا بە دووەم گەورەترین ھەناردەكاری چەك دادەنرێت لە جیھاندا

K24 - ھەولێر

پێشبینی دەكرێت قەبارەی ھەناردەكانی رووسیا لە چەك لە 2020دا روو لە زیادبوون بكات و بە جۆرێك ساڵی داھاتوو مۆسكۆ بە بەھای 13 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار چەك دەفرۆشێت.

كۆمپانیای رووس ئابۆڕۆن ئێكسپۆڕت، كە تایبەتە بە ھەناردەی چەكی رووسی لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە پێشانگای دوبەی ئاسمانی 2019  ئاشكرای كرد، ساڵی داھاتوو بە بەھای 13 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار كەرەستەی سەربازی دەفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجامەكانی كاری كۆمپانیاكەیان روونە، بەجۆرێك بەرھەمی زۆری سەربازییان ھەناردەكردووە و پێشبینی دەكرێت بەھاكەی تا 2020 بگاتە 13 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار و چاوەڕێش دەكرێت ساڵی داھاتوو ئەو ژمارەیە تێپەڕێنێت.

رووسیا بە دووەم گەورەترین ھەناردەكاری چەكە لە جیھاندا و بەگوێرەی پەیمانگای سیپری،  لە 2019دا  12% فرۆشی چەكی لە جیھاندا پێكھیناوە.