هێزێکی سەربازیی هەڵیکووتایە سەر شارەوانی کەرکووک

بە بڕیاری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک هێزەکە چوونەتە سەر شارەوانی کەرکووک

K24 – کەرکووک:

بۆ رێگریکردن لە کارەکانی بەڕێوەبەری شارەوانی نوێی کەرکووک، کە دوو رۆژە بە بڕیاری بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانیەکانی عێراق دەستبەکاربووە، هێزێکی ئەمنی گەمارۆی شارەوانی کەرکووکیان داوە.

 کوردستان24 پەیوەندی بە فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری نوێی شارەوانی کرد و راگەیاند ، ئەو وەک سەرۆکی شارەوانی سەرقاڵی ئیش و کاری خۆیەتی و لەم کاتەدا لەدەرەوەی بینانی شارەوانیە و دەستبەکاربوونیشی یاساییە و بڕیاری وەزیری جێبەجێکردووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزەکە گەمارۆی بینای شارەوانی داوە، دوای گۆڕانکاری لەچەند پۆستێکی ئیداریی دەکەن.

هاوکات، پارێزگاری سەپێنراو نووسراوێکی بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق کرد و داوای بینین و دانیشتنی کرد ، بەڵام وەزیر وەڵامی راکان جبووری نەداوەتەوە، هۆکاری ناردنی هێزەکەی ئەمڕۆش بۆسەر بینای شارەوانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، هێزێکی دیکە، هەڵیکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی کەرکووک کە ئەویش کوردە. رێگریان لێ کردووە دەست بەکارەکانی بکات.

سەرۆکی شارەوانی کەرکووک لە دەرەوەی بینای شارەوانی کارەکانی رۆژانەی دەکات   ئەمڕۆ 31/12/2019
سەرۆکی شارەوانی کەرکووک لە دەرەوەی بینای شارەوانی کارەکانی رۆژانەی دەکات ئەمڕۆ 31/12/2019