وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ژەهراویبوونی 75 هاووڵاتی زاخۆ دەکات
دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تووشی ژەهراویبوون دەبن، وەزارەتی تەندروستی لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی نیسان 2026، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەدوداچوونی ژەهراویبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لەشاری زاخۆ کرد.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا سیروان ئەحمەد نجار، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی زاخۆ، بەدواداچوونی رەوشی تەندروستی زیاتر لە 75 هاووڵاتیانی شاری زاخۆی کرد کە بەهۆی خواردنی یەکێک لە چێشتخانەکانی ئەو شارە تووشی ژەهراویبوون ببوون و لەلایەن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ پێشوازیان لێکرا و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری تەندروستی جەختی لەسەر وەرگرتنی رێکاری یاسایی لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری خۆپاراستنی تەندروستی زاخۆ کردەوە بەپێی یاسای تەندروستی گشتی کە ئەنجامدراوە بە داخستنی چێشتخانەکە و نمونەکانی خواردن رەوانەی پشکنین کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ژەهراوویبوون.