وەزیری بەرگریی بەلجیکا بۆ سەفین دزەیی: دەخوازین هەرێمی کوردستان هەمیشە بە سەقامگیریی بمێنێتەوە
وەزیری بەرگریی بەلجیکا لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم کۆبووەوە و باس لە رەوشی هەنووکەیی و گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە یاوەری دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسێل سەردانی وەزارەتی بەرگریی بەلجیکای کرد و لەلایەن تیۆ فرانکن، وەزیری بەرگریی بەلجیکا، پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی هەنووکەیی و گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا.
هەردوولا هاوڕابوون گرینگی کۆتایی هێنان بە شەڕو ململانێکان و بەرقەراکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە.
وەزیری بەرگریی بەلجیکا بە بایەخەوە باسی لە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام کرد و هیوای خواست وەک هەمیشە بە ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی لەمەڕ دوایین پرسەکان خستەڕوو، هاوکات سوپاسی وڵاتی بەلجیکاو وڵاتانی دۆستی کرد بۆ ڕۆڵی بەرچاویان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.