كچانی عێراق كودەتا دەكەن
"خۆپیشاندانەكان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە زۆری شتی لێکەوتەوە"
K24 - ھەولێر
بەشداری کچان و ژنان لە خۆپیشاندانەکان، بەلای چاودێرانی عێراقییەوە، بە کودەتایەکی کۆمەڵایەتی لە دژی ئەو حزبە ئایینیانە لێکدەدرێتەوە، کە لە دوای 2003ەوە دەستەڵاتییان لە عێراق بەدەستە. ئاماژە بەوەشدەكرێت.
سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، رەنگە خۆپیشاندانەکانی عێراق، نەیتوانیبێت گۆڕانکاری گەورەی سیاسی بەدیبێنێت، بەڵام لە شکاندنی کۆمەڵێک بەربەستی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو بوو.
عەلی خەربیت، یەكێكە لە خۆپیشاندەرانی عێراق و دەڵێ: "ئامانجە سیاسییەکانی شۆڕش دیاریکراو نەبوون، هەرچەندە ئامانجێک بەدیهات، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتییەوە زۆری شتی لێکەوتەوە، وەک لەیەکنزیکبوونەوەی نێوان دوو رەگەزەکە، کچان و کوڕان پێکەوە کارییان کرد".
بەهۆی دەستەڵاتی حزبە ئیسلامییەکانەوە، دوای 2003 کۆمەڵگەی عێراقی زیاتر بەرەو داخران چوو، بەڵام ژنان و پیاوان بەیەکەوە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداربوون و درووشمی دژبە دەستەڵاتداران و هەندێک لە کەسایەتییە ئاینییەکانیان گووتەوە، کە ئەمە هەرگیز پێش مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو رێگەی پێنەدەدرا.
هیبە محەمەد، خوێندكار و بەشداربوێكی خۆپیشدانەكانی عێراقە و دەڵێت: "زۆرێک لە ژنان و کچان و بەتەمەنەکان، لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداربوون، بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان، کەسایەتی ئێمەی بەهێزکرد، وایکرد راست و هەڵە لەیەکتر جیابکەینەوە و داوای مافی خۆمان بکەین".
بەرای چاودێرانی عێراقی، جیا لە ئامانجە سیاسییەکان، خۆپیشاندانی خەڵک، کودەتایەکی کۆمەڵایەتییە، بەسەر حزبە ئاینییەکان، بە تایبەت لە شارەکانی باشوور.
هەفتەی رابردووش ژنانی هاوسۆز لەگەڵ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، خۆپیشاندانێکییان لە دژی تێکەڵاوی ژنان و پیاوان لەکاتی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدا، لە کاتێکدا ژنان و کچانی عێراق، بە درێژایی خۆپیشاندانەکانی چوار مانگ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین، تیمارکردنی برینداران و چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکان بەشداری کاریگەرییان هەبووە.
ھ.م