لایەنە کوردستانییەکان لە هەوڵەکانی عەللاوی ناڕازین

"کابینەکەی عەللاوی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکان لە پەرلەمان تێناپەڕێت"

K24 - سلێمانی

لایەنە سیاسییەکان نایانەوێت لە دەرەوەی ئەوان، یان ھیچ نەبێت بەبێ رەزامەندیی ئەوان وەزیرەکانی حکومەتی عەللاوی دەستنیشان بکرێن. عەللاویش دەڵێت، نابێت حزبەکان وەزیرەکان دەستنیشان بکەن،  چاودێرانی سیاسی دەڵین حکومەتەکەی عەللاوی بەبێ گفتوگۆ یان ھاوئاھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانیی ھێزەکان لە دانانی وەزیرەکان تێناپەڕێنرێت، لە دەستووری عێراقیشدا ھیچ بڕگە و مادەیەک نییە کە رێگربێت لەسەر ئەوەی کە حزب و کوتلە سیاسییەکان وەزیر دەستنیشان بکەن.

نیوەی زیاتری ئەو ماوەیە تێپەڕی کە بە گوێرەی دەستوور، بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت دیاریکرابوو، عەللاوی رایدەگەیەنێت، پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەت گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

عەللاوی دەڵێ "لە بەدەستھێنانی دەستکەوتێکی مێژوویی نزیک دەبینەوە، کە خۆی لە تەواو بوونی پێکھاتەی کابینەی حکومەتێکی بێ لایەن دەبینێتەوە و دوور لە دەستوەردانی ھیچ لایەنێکی سیاسی"، چاودێرانی سیاسی دەڵین، حکومەتەکەی عەللاوی بەبێ گفتوگۆ یان ھاوئاھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانیی ھێزەکان لە دانانی وەزیرەکان تێناپەڕێنرێت. ئەگەر ئەوەش رووینەدا، ئەو کات دەبێت عەللاوی رەچاوی ھاوسەنگیی نیشتمانی بکات.