ئەمەریكا بە دوو ترلیۆن دۆلار بەرەنگاری كۆرۆنا دەبێتەوە

ترەمپ واژۆی لەسەر پاكێجە دوو ترلیۆن دۆلارییەكە كرد

K24 - ھەولێر

بە ئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا واژۆ لەسەر پڕۆژە بوودجەیەك بە بەھای 2 ترلیۆن دۆلار كرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا واژۆی لەسەر پڕۆژە یاساییەك كرد، بە بەھای 2 ترلیۆن و دووسەد ملیار دۆلار، بە ئامانجی كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری ئەمەریكا و رێگەگرتن لە داڕمانی ئابووری وڵاتەكە.

لەماوەی رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەمەریكا پڕۆژەیەكی پاڵپشتی دارایی كە بە گەورەترین ھەژماردەكرێت لە مێژووی ئەمەریكا، لە رێگەی دەنگدانەوە خستەڕوو و پڕۆژەكە مووچە بۆ ھەر تاكێكی ئەمەریكی لەخۆدەگرێت، پێشخستنی بیمە بۆ رێگەگرتن لە بێكاری، پارەداركردنی چاودێری تەندروستی و ھەروەھا تەرخانكردنی قەرز ھاوكاریكردنی كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی كارمەندەكانیان نەنێرنە ماڵەوە و لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە رەزامەندی لەسەر درا، بەو ئامانجەی كە بتوانن لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە رووبەڕووی كۆرۆنا ببنەوە.