34 کەسی دیکە لە نەجەف تووشی کۆرۆنا بوون
لە بەسرەش 9 كەسی دیكە وەك ھەڵگری ڤایرۆسەكە تۆمار كران
K24 - ھەولێر
تەندروستی نەجەف ئاشكرای كرد، كە 34 كەسی دیكە لە شارەكە تووشی كۆرۆنا بوونە و ژمارەی كۆی تووشبووان لەو پارێزگایە گەیشتە 175 كەس.
رەزوان کندی، بەڕێوەبەری تەندروستی نەجەف رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 134 پشکنینی کۆرۆنایان ئەنجامداوە و دەکەوتووە کە 34 کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و سەرجەمیشیان بەرکەوتەی کەسانی تووشبوون.
بەڕێوەبەری تەندروستی نەجەف گوتیشی، تا ئیستا 175 کەس لە پارێزگاکەیان تووشی کۆرۆنا بوون و 49 کەسیان چاکبوونەتەوە و چوار کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەكی دیكە عەباس تەمیمی، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی بەسرە رایگەیاند، 9 حاڵەتی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکە تۆمارکرا و نۆ توشبووش چاکبوونەتەوە، کۆی ژمارەی توشبووانیش لەو پارێزگایە گەیشتە 122 کەس و تا ئێستا 36 کەسیش چاکبوونەتەوە و 10 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە فەللوجەش، دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەت، شانەی قەیران لە شارەکە، چەندین رێکاری دیکەی گرتەبەر.