کێ دەچێتە جێگەی کیم جۆن ئون؟

كێ له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی كیم ده‌بێته‌ چواره‌م دیكتاتۆری كۆریای باكوور؟

K24 - مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریكا:

دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی و حکومەتی کۆریای باشوور و تەنانەت چین چاوەڕوانی ژیانی کیم جۆن ئون دەکەن، ئەویش دوای ئەوەی رۆژی 12ی نیسان نەشتەرگەری دڵی بۆکراوە و لە دوای نەشتەرگەرییەکەوە دیار نییە تەندروستی چۆنە.

دوێنێ 21ی نیسان کەناڵی سی ئێن ئێن ھەواڵەکەی بڵاوکردەوە، ھەواڵە بووە سەردێڕی تێکڕای میدیاکانی جیھان، بەڵام میدیای وڵاتەکەی ھیچ باس ناکات و بێدەنگە.

 ئەمڕۆ 22 ی نیسان میدیای وڵاتەکە (ئاژانسی ھەواڵی مەرکەزی کۆریای باکوور- کەی سی ئێن ئەی) بە ژمارەیەک ناونیشانی سەرسوڕھێنەرەوە دەرکەوت: (دابەشکردنی کەلوپەلی وەرزشی- ھەڵبژاردنی توو باشە بۆ ھەرس- کۆبوونەوەیەک لە بەنگلادیش سەبارەت بە توێژینەوەیەک لەسەر کۆریای باکوور- ئایدۆلۆژیای پشتبەستن بە خوود) لەھەمانکاتدا مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەی ڕۆدنگ سینمۆن بریتیبوو لە (ڕێوشوێنەکانی بنبڕکردنی کۆرۆنا ڤایرۆس), بەڵام نەخۆشی سەرۆکەکەیان لە ھیچ شوێنێکی میدیا جێگەی نەکرابۆوه‌، ھەروەھا ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز لەزاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی-یەوە ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی بە وردی چاودێری مەسەلەکە دەکات، ھەر بۆیە ڕۆژی 21ی نیسان لەکۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە ئاساییەکانی ڕۆژانەیدا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەبەرامبەر پرسیارێکی ڕۆژنامەی پۆلیتکل، گوتی: "دەڵێن کیم نەخۆشە، ھیوادارم باش بێت، من پەیوەندیم باشە لەگەڵ کیم جۆن، حەز ئەکەم بیبینمەوە جارێکی تر".

ھەروەھا گوتیشی: "لە دوو کۆبوونەوە لە ساڵی 2018 و 2019 ھەوڵمدا لەگەڵ کیم کە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت". ئەو پێشبینیانەی سەبارەت بە تەندروستی کیم جۆن ئون دەکرێت کە تەندروستی خراپە، دوای ئەوە ھات کە بۆ یەکەمینجار بوو ئامادەبوونی نەبێت لە جەژنی لەدایکبوونی باپیری کیم ئێل سۆنگ، لە ١٥ی ئەپرل. کە بە دامەزرێنەری کۆریای باکور دادەنرێت. لەبەرامبەردا نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشور ڕایگەیاند، کیم وای نیشاندەدەن کە سەرقاڵە بە کاروباری دەوڵەتەوە و ھیچ شتێکیش دەرنەکەوتووە لەو بارەیەوە لە ژیاندا ماوە یان نا.

ڕۆژنامەی دەیلی ئێن کەی کە بارەگاکەی لە سیئۆل-ی پایتەختی کۆریای باشوورە نوسیویەتی: "کیم جۆن ئون لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا، ڕۆژی ١٢ی ئەپرل گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری دڵ و خۆێنبەرەکانی بۆ بکەن". ھەروەھا نووسیویه‌تی نەندروستی لە مانگی ئۆگەست -ی پارەوە تێکچووە بەھۆی کێشانی جگەرەی لە ڕادەبەدەر و قەڵەو بوونێکی بێ ئەندازە.

ھەروەھا ڕۆژنامەی ھێڵ لە ڕاپۆرتێکدا لە ژمارەی ئەمڕۆ 22 ی نیسان باسی لەوەکردووە کە، کە کیم ئێستا لە ڤێلایەک لەژێر چاودێری ورد و چارەسەردایە لە شاخی میوھیانگ لە باکوری پیونگ یانگ-ی پایتەخت. دەشڵێت: "بە پێی سەرچاوەیەکی ھەواڵگری ئەمریکی کیم دۆخی تەندروستی زۆر زۆر خراپە".

ڕۆژنامەکە لەزاری ھەواڵگری ئەمریکییەوە وەریگرتووە کە کیم، ڕۆژی 11ی ئەپرل واتە ڕۆژێک بەر لە نەشتەرگەری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حزب و حکومەت بڕیاریداوە کە کیم یۆ جۆنگ -ی خوشکی وەک ئەلتەرناتیڤ کارەکانی حکومەت و حزبی کرێکارانی دەسەڵاتدار بەڕێوەبەرێت.

ڕۆژنامەی زە دیترۆیت نیوز لە ژمارەی ئەمڕۆ 22 ی نیسان دوو لاپەڕەی بۆ بنەچەی خێزانی کیم تەرخانکردووە لەگەڵ کۆمەڵێک نھێنی ژیانی کیم جۆن ئون، ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: "ساڵی 2014 بۆ ماوەی شەش ھەفتە لەچاو ونبوو، بەڵام دواتر ئاژانسەکانی کۆریای باکوور ڕایانگەیاند کە بە نەشتەرگەریی کیسی ئاو لە سەر ئەژنوی لابراوە.

ڕۆژنامەکە باس لەوەشدەکات لەبەرئەوەی نوخبەی دەسەڵاتداری کۆریای باکور لەژێر ترس و دڵەڕاوکێدان، ھەرگیز شتێک بڵاوناکەنەوە کە جێگەی بڕوا بێت، نموونەی ساڵی 2016 دەھێنێتەوە کاتێک میدیای وڵاتەکە بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ کیم بەھۆی گەندەڵییەوە سەرکردەیەکی سەربازی پێشووی وڵاتەکەی بە تۆمەتی گەندەلی لە سێدارە داوە، کەچی ھەفتەیەک دواتر میدیاکانی کۆریای باشووری دراوسێی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە کە (ری یۆنگ جیل) لە ژیاندایە و پۆستێکی نوێی دراوەتێ. کەواتە ئێستا ئاشکرا نییە چی ڕویداوە کە ئایا ونبوونی کیم جۆن یۆن بەھۆی گرفتی تەندروستییەوەیە یان مردووە! بەڵام شیکەرەوانی بواری سیاسی دەڵێن لەبەرئەوەی کیم تەنیا سێ منداڵی ھەیە کەتەمەنیان ( ھەشت ساڵ، حەوت ساڵ، سێ ساڵ)ە و کیم جۆن چۆل-ی براشی دوورکەوتۆتەوە لە سیاسەت و سەرقاڵی میوزیکە. 

 تاکە کەس کە ڕۆڵی کاریگەری ھەیە لە خێزانەکە، خوشکەکەیەتی کە ئەویش کیم یۆ جۆنگ-ە. کە لەھەموو کاتێکدا بە دوای براکەیەوە بووە وەک نێردەرێکی دیپلۆماسیش ناسراوە.

 ڕۆبەرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، گوتی:" ئەم سیستمانە، سیستمی بنەماڵەین لە کەمترین حاڵەتدا کەسێک لە خێزانەکە وڵات و حزبەکە بەڕێوە دەبات، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە جارێ دیار نییە ئایا سەرۆکی وڵاتەکە تەندروستی چۆنە!"

ھەروەھا تشیونگ سیونگ تشانگ شیکەرەوە لە پەیمانگای سیجۆنگ -ی تایبەت بە سیاسەتی کوریای باشوور، گوتی: " بەرکەوتنی سیاسی ئەستەمە، لەبەرئەوەی خوشکەکەی کیم (کیم یو جۆنگ) بە کردەیی دەسەڵات ئەگرێتە دەست لەبەرئەوەی پێگەی لە حکومەت و حزبی کرێکارانیش بەھێزە. بەڵام کۆھ یۆ ھوان پسپۆری بواری کۆریای باکوور لە زانکۆی دۆنگۆک لە سیئۆلی کۆریای باشور و ڕاوێژکاری سیاسی مۆن جای ئان سەرۆکی کۆریای باشوور بە پێچەوانەوە پێیوایە ململانێیەکی توندوتیژ لەسەر دەسەڵات لە کۆریای باکور دروست دەبێت. دوا پرسیار ئەوەیە ئایا خاتوو کیم یۆ جۆنگ دەتوانێت ببێت بە چوارەم دیکتاتۆری کۆریای باکوور!؟