کۆشکی سپی: بە دوو مانگی سەختدا تێدەپەڕین
رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ 16% بەرزدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
كۆشكی سپی رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەكرێت ئەمەریكا بە دوو مانگی سەخت تێپەڕێت و داھاتوویەكی نا روون چاوڕێی دەكات.
كیڤن ھاسیت، راوێژكاری ئابووری كۆشكی سپی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، پێشبینی دەكهن ئەم مانگە لە چوارچێوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووری وڵاتەكە، تێكڕای بێكاری لە ئەمەریكا بەرێژەی 16% بەرزبێتەوە، چونكە ئەو بەربەستانەی بەھۆی كۆرۆناوە دانراون، بووەتە ھۆكار كە لە نیوەی مانگی رابردوودا ژمارەیەكی پێوانەیی لە ئەمەریكییەكان، كە ژمارەیان 26 ملیۆن و 500 كەسە، داوای ھاوكاریی دارایی لە حكوومەتی ئەمەریكا بكەن.
راشیگەیاند، پێشبینی دەكرێت دوو مانگی داھاتوو زۆر مەترسیدار بێت لەسەر ئابووری ئەمەریكا و ژمارەی بێكاران زیاتریش بێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە بەھۆی كۆرۆناوە، ئەمەریكا ناچار بە داخستنی گشتی كرا و بەھۆیەوە كۆمپانیاكان داخران و لە ئەنجامیشدا تێكڕای بێكاری رووی لە بەرزبوونەوەی بەرچاو كرد.