خدر مەنتك
نووسەر
تۆمارە دەنگییە ئابڕووبەرەکەی جووت برا و شتی تریش !
بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراوی جووت برای تاڵەبانی، لەلایەک باس لە دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کاریگەری و دەستێوەردانی دەوڵەتی ئیقلیمی و بەڵێنی مسۆگەرکردنی 30 کورسی لەلایەن دەوڵەتێکی دراوسێوە دەکات. لەلایەکی دیکەوە سوکایەتی بە شەهیدان و پێشمەرگە و تەنانەت باس لە ڕووخانی پارتیش دەکات.
لەوتۆمارە دەنگییەدا عەقڵییەتێکی مەترسیدار و سەرکێشانە دەردەخات، کە بافڵ و قوباد ئاماژە بە دیزاینکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سوکایەتی بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەن.
ئەم عەقڵییەتە کە هەڵبژاردن بە دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەبوونیان بۆ قومار کردن بە ئایندەی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و سیاسیدا، بە بەستنەوەی چارەنووسی حیزبەکەیان و هەرێمی کوردستان بە ئەجێندای دەرەکی و پیلانگێڕی سیاسییەوە بێڕێزییەکی ئاشکرایە بە هاووڵاتیان و کەسوکاری شەهیدان و پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستان. ئەم دەنگە دزەپێکراوە تەنها ئابڕووچوونێکی سیاسی نییە، بەڵکو زەنگێکی بەئاگاهێنانەوەیە بۆ خەڵکی کوردستان بۆ بەرگریکردن لەدامەزراوە دێموکراسیەکانیان و بەهاکانیان و ئایندەی هەرێمی کوردستان.
لەکاتێکدا جووت برا، نکۆڵی لەوە دەکەن ئەوە دەنگی ئەوان بێت و دەڵێن بڵاوکراوەکە لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە درووستکراوە، کەچی بەر لە دزەپێکردنی ئەو تۆمارە دەنگییەش شتی تریش لە ئەفعالەکانیان دەخوێنینەوە کە سەلمێنەری ئەوەن و نکۆڵی لەوەناکرێت ئەو تۆمارە دەنگییە گفتووگۆی جووت برایە. با چەند شتی تریش بخەمەڕوو:
1. ئەفعالی ساختەکاری و تەزویرکردن و هانا بردن بۆ دەوڵەتی ئیقلیمی پیشەی لە مێژینەی حزبەکەی جووت برایە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێتی لە پاداشتی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا، لە ناوچە سووننە نشینە عەرەبییەکاندا دەنگێکی بێ شوماری هێنا، تەنانەت لەوناوچانەی تەنانەت یەک هاووڵاتی کوردستانی تێدا ناژی وەکوو نوکتە باسیان لە ساختەکارییەکەی یەکێتی دەکرد و دەیان گووت: ئێمە دەنگمان دا بە عەگاڵ، کەچی دەنگەگانمان چووبوو بۆ لایەنێکی کوردی سەر بە ئێران.
2. یەکێتیەکەی جووت برا، بە ئیعترافی خۆیان و بەئیمزایی 38 ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەیان، لە 16ی ئۆکتۆبەردا، سەدا 51 خاکی هەرێمی کوردستانیان فرۆشت و ڕادەستی حەشدی شەعبی و تاقمە میلشیاکانی سەر بە بەرەی مقاومەکرد و هێشتاش لە سایەی ئەو خیانەتەی یەکێتییەوە، ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، کە بەخوێنی شەهیدان ئازادکرابوو، تەعریب دەکرێن.
3. خیانەتی یەکێتی لە 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشید، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ڕەیان کلدانی و قەیس غەزعەلی لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، جارێکی دیکە کەرکوکییەکانی فرۆشت و هەرچی پۆستی کاریگەری شارەکەیە تەخشان و پەخشانی کرد بەسەر لایەنە عەرەبە شۆڤێنییەکاندا، لەبەرامبەر ڕازیکردنی دڵی تورکیاشدا بوون بەچاوساغی درۆنەکانی تورکیا لە سنووری سلێمانی. هەروەها بەخاتری دڵی ڕەیان کلدانی کە داواکراوی ئەمەریکایە و ناوی لەلیستی تیرۆردایە، کورسییەکی پێکهاتەکانی سلێمانی پێشکەشی حەرەکە بابلیون کرد.
4. تیرۆرکردنی هاوکار جاف و مۆڕاد کانی کوردەیی و ئاکامی کۆماندۆ، سوکایەتی کردن بە پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی و ئەفعالی سەرانەسەندن و تیرۆر و تۆقاندن و کوشتنی چایچی و کاسبکار و قاچاخچێتی دووگ و جگەر و هێلکەی بەسەرچوو و دزین و بەتاڵانبردنی ژێرخان و سەرخانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، ئەفعالەکانی جووت برایە.
4.ئەوەی لە دەنگە دزپێکراوەکەی جووتبرا، ئاشکرا بووە، باس لەوە دەکات (دەیانڕوخێنین) شتێکی حاشا هەڵنەگرە و تەنانەت درووشمی جووتبرایە و بۆ بانگەشەی هەڵبژرادن و مەبەستیشیان لە ڕووخاندنی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بە ئاوەدانی و خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
ئاشکرابوون و تێوە گلانی یەکێتی نوێ و پەکەکە لە سوتاندنی بازاڕەکانی کوردستاندا دەرخەری ئەو ئەفعالانەیە.
ڕوونە یەکێتی بەو هەموو زووڵم ستەمەی لە هاووڵاتیانی سنووری سلێمانی کردووە و ئەو هەموو خیانەتەی ئەنجامی داوە بەتەواوی شەرعییەتی جەماوەری لە دەست داوە و لەترسی شکست و دۆڕانی گەورە پەنا دەباتە بەر ساختەکاری و دەستێوەردانی لایەنی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا.