شازدەی ئۆکتۆبەر، خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

شازدەی ئۆکتۆبەر، خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی
شازدەی ئۆکتۆبەر، خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی

بەرواری 16ی ئۆکتۆبەری 2017 یەکێکە لە ساتە هەرە تاریک و شوومەکان لە ڕۆژمێری مێژووی نوێی کورد دا،  ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ خاڵی وەرچەرخان بۆ خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆی، ناکرێت ئەوە لە بیربکەین خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 دوا بەدوای چرکەساتێکی گرنگ لە قۆناغی بزافی ڕزگاری خوازی گەلی کورد ڕوودەدات. 

کاتێک گەلی کورد بەڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدا. لە ٪93 ی کوردستانیان دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا، گەلی کوردستان گەشبین بوون بەوەی کە لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە  خەونی لەمێژینەی خۆیان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

هەرچەندە، ڕیفراندۆم ناڕەزایی بەرفراوانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی وەکوو ئێران و تورکیا و تەنانەت زلهێزەکانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە، بەڵام ئیرادەی کورد خۆنەچمێنانە، بانگی ئازادی دا و سووڕبوو لەسەر سەربەخۆیی کوردستان. 

سەرەڕایی هەموو فشارەکان لەسەر گەلی کورد ئەوەی لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستانی بووە لەمپەڕ هێزی دەرەکی نەبوو، بەڵکو لە ناوخۆدا، خیانەتی لایەنێک، دیمەنی یەکگرتوویی و تەبایی سیاسی کوردی تێکشکان. 

لە بەرەبەیانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017  هێزە عێراقییەکان و میلیشاکانی حەشدی شەعبی پەلاماری کودستانیان داو  شاری کەرکوکیان داگیرکرد، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاریەکی بەرچاو ببنەوە لە لایەن بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی. ئەمە بەلای کوردەوە ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک خیانەتێک لێیان دەڕوانی کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە ئەنجامدرابوو، کە دواتر ئاشکرا بوو بەتایبەتی  (پافڵ تاڵەبانی) ڕێکەوتنێکی نهێنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق وحەشدی شەعبی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی  پێشمەرگەی یەکێتی  بەبێ شەڕ بکشێنەوە.

 ئەم ڕێککەوتنە کە  بە نێوەندگیری سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدراوە، بەسەرۆکایەتی پافڵ تاڵەبانی و ئیمزای 38 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەسلیمکران و فرۆشران بە داگیرکەران. 

ئەمە تەنها خیانەت نەبوو لەپارتی و  حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵکو خیانەت بوو لە خواستی گەلی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت، کە بەهۆی ئەو خیانەتەوە هێزە عێراقییەکان بە خێرایی دەستیان بەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی تردا گرت و گورزێکی گەورەیان لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی کورد دا.

ئەنجامەکانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر قووڵ بوون، لەدەستدانی کەرکوک کە بۆ گەلی کوردستان دلی نیشتمانە، شکستێکی گەورە بوو. 

هەستی خیانەت لەوە زیاتر بوو کە پێشتر هێزە کوردییەکان بەیەکڕیزییەوە دژی داعش شەڕیان کردبوو و سەرکەوتووانە بەرگرییان لە نیشتمانەکەیان کرد و ئەوگروپە تیرۆریستییەی لە  ناوچەکەدا تێکشکاند، پێشمەرگە بووە هێزێکی ناسراوی نێودەوڵەتی کە ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگرییان دەکرد. 

بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر وێنەی بەرەی یەکگرتووی کوردی تێکشکا و ئەو یەکڕیزییەی کە بەردی بناغەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بوو زۆر لاواز بوو. تەعەریبکردنی ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی لە ناوچە کوردستا یە کێشە لەسەرەکان لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەر زیاتر بوو. گوندە کوردییەکان ڕووبەڕووی هەڕەشەی میلیشیا عەرەبەکان بوونەوە و زەوییە کشتوکاڵییە کوردییەکان سووتێنران و هەزاران کورد ئاوارە بوون. حکوومەتی عێراقی کە جەختی لەسەر دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە کردووە، هیچ کارێکی نەکرد بۆ بەرگرتن لەم کارە دەستدرێژییانە و بێبەشکردنی زیاتری دانیشتوانی کورد.

لە کاتێکدا 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕۆژێکی ڕەش بوو بۆ کورد، بەڵام سەرەتای واقیعێکی سیاسی نوێ بوو لە هەرێمی کوردستاندا.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە وەک پاڵەوانی ڕیفراندۆم مایەوە و هەوڵی دا پێگەی سیاسی کورد لە ڕێگەی پتەوکردنی  هەولێر و دهۆک بنیات بنێتەوە، یەکێتیش سنووری سلێمانی کردە شوێنی کۆبوونەوەی میلیشیا عێراقییەکان و جێبەجێکردنی ئەجێندایی غەیرە کوردستانی.

لە ساڵانی پاش خیانەتەکەدا، بەغدا سیاسەتی فاشیستانەی بەرانبەر کورد گرتەبەر، لەوانەش بڕینی قووتی هاووڵاتیانی  هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و فشاری زیاتر لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە، لەوکاتەوە تائێستا یەکێتی بەسەرکردایەتی پافڵ تاڵەبانی لە هەوڵی ڕووخاندنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. 

ئەمڕۆ کە ئەم وشانەی تێدا دەنووسم یادی  ڕۆژێکی شوومە، کە مێژوو خۆی تێدا دووبارە کردووەتەوە و یەکێتی خیانەتێکی دیکەی لەشاری کەرکوک ئەنجام داوە لە ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێردا، هەموو پۆستە گرنگەکانی کوردی، پێشکەشی عەرەبەشۆڤینییەکان کردووە.