هەژماری من بازدانێکە بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی و کاریگەرە بۆ سەقامگیریی سیستەمی دارایی و بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان
پەسەندکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی چاکسازییی ئابووریی لە هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بازدانێکە بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی، کە لە بەرانبەردا بەشدارە لە گەیشتن بە شەفافییەتی دارایی و کارگێڕی و کەمکردنەوەی ڕێڕەوی سوور و دەرکەوتەکانی گەندەڵی و هەروەها پاراستنی پارە و سامانی گشتی، ئەمە لە ڕوانگەیەوە، بەڵام پڕۆسەکە لەوە گەورەتر وگشتگیرترە.
سیستەمی دارایی دیجیتاڵی یەکێکە لە کاریگەرییەکانی گەشەی ئابووری لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نەختینەیی و سیاسەتی دراو لە هەرێمدا، ئەو پێشهاتە دیجیتاڵیانەی کە سیستەمی وڵاتانی پێشکەوتوو شاهیدی دەکەن لە ژێرخانی بنەڕەتی دادەنرێت کە ئابووری نیشتمانی لە قەیرانی دارایی و هەڕەشە دەرەکییەکان دەپارێزێت، لەبەر ئەوەی دابینکردنی سیستەمێکی دارایی تۆکمە لە کەرتی بانکی و بازاڕی داراییدا مسۆگەر دەکات کە لەبەرچاو دەگیرێن ومەرجی سەرەکین لە بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا.
هێرشی مەبەستدار بۆ سەر پرۆژەی (هەژماری من) و ناوزڕاندنی تێگەیشتنی هاووڵاتیانمان و دەستکاریکردنی هەستەکان هیچ نییە جگە لە ئامانجێکی سیاسی کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، واتە بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە هیچ جیاوازییەکی بنەڕەتی و دارایی لە نێوان نيشتمانكردنى مووچە و هەژماری مندا نییە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدارە لە ڕێگەی هەندێک لایەنی ناسراوەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دەستکەوتە گەورەیە لە پێناو زاڵبوون بەسەر گەندەڵییەکانیان و پاساوهێنانەوە بۆ خۆیان لە شکستی ئیداری وسەرکردایەتی.
نيشتیمانكردنى مووچە (توطين الرواتب) تەنیا بریتیە لە پرۆسەی گواستنەوەی دابەشکردن و وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە فەرمانگەکانەوە بۆ ناو بانک، بە واتایەکی تر دابەشکردن و وەرگرتنی لە شێوازی کلاسیک بە دەست و نووسین لە فەرمانگەکانەوە و گواستنەویان ودیجیتاڵکردنیان بۆ سیستەمی بانکی، مەگەر بانک حکوومی یان تایبەت بێت، لەڕێگەی هەژمارێکی تایبەت بۆ ئەو فەرمانبەرە دەکرێتەوە و مووچەکەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیەوە دەنێردرێت بۆ هەژماری بانکییەکەی، بەڵام بەو مانای نییە بەنیشتیمان کردنی مووچە یاخۆت دابەشكردنى مووچە لە ریێ تەوتین بڕە پارەیەک لە بودجەی هەرێم کە لە بەغدا تەرخان كراوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زياد دەبێت، یان هەر فەرمانبەرێک کە مووچەی خۆی بەنیشتیمان دەکات دەبێتە عێراقى ئۆرجیناڵ، ئەم پڕوپاگەندە و لێدوانانە تەنیا ئەوەن بۆ دژایەتی پێشکەوتنی سيستەمی بانكى و دارايى لە هەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی نەختینەیی دراوە لە بازاڕی هەرێمی کوردستان دا، سەرەرای یاسایی پرۆژەی هەژماری من کە دادگای فيدراڵى بڕياری ڕەسەنایەتییەکەی پشتڕاستکراوەتەوە بە بڕیاری ژ/111-1405 لە3/7/2024، هەرەوها ئەنجوومەنی وەزیران حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی تەواوی لەسەردراوە وپەسەند کراووە لە ماوەی ئەم کابینەیە.
جیاوازی لە نێوان کی کارت و هەژماری من تەنیا ئەوەیە؛ كى كارت کۆمپانیایەکی بازرگانی عێراقییە کە لە ساڵی 2007 دامەزراوە وئامانجی بریتییە لە کاروباری پارەدانی ئەلیکترۆنی، واتە نێوەندگیری لە نێوان کەرتی بانکی و مووچەخۆراندا، هیچ قەوارەیەکی حکوومی نییە کە بەسترابیت بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە یان سندوقی دراو، نوێنەری سنوورداری هەیە لە شارەکانی دیاریکراو کە مووچە دابەش دەکرێت و بەڕێژەیەکی دیاریکراو لە مووچە دەگێڕنەوە، بەڵام ئەو هەوڵە ستراتیجییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داناوە زۆر گەورەیە بۆ ئەوەی بەهای ئەم پڕۆژە هەرێمییە (هەژماری من) بە نرخ دانەنرێت، بەپێچەوانەوە ئامانجی بەدەستهێنانی سەقامگیریی دارایی و پاڵپشتیکردنی هەموو کەرتەکانە بۆ بەدیهێنانی گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا.
پەیوەندی نێوان پرۆژەی (هەژماری من) و پەرەپێدانی سیستەمی بانکیی لە هەرێمی کوردستان زۆرن، وەک:
1-لە ڕێی هەژماری من جووڵەی دراو و ڕێژەی نەختینەیی لەبانکەکانی کوردستان دابین دەکات و زياد دەبێت بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لە ڕێگەی سیستەمی قەرزەوە سوودی لێ ببینن، هەروەها پاڵپشتیی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بە مەبەستی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەمەش هەزاران هاووڵاتی سودمەند دەبن لە دروستکردنی دەرفەتی هەلی کار و نەهێشتنی بێکاری لەگەڵ پەرەپێدانی گشت سێکتەرەکان.
2-لە ڕیێ هەژماری من پاکێجێک لە بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی بانکی و ئاسانکاری قەرزکردن بۆ فەرمانبەرە دابین دەکات مەبەستی کڕینی خانوو، ئۆتۆمبێل، یان مۆبیلیاتی ناوماڵ..هتد، ئەو مامەڵە داراییانەی ڕۆژانە پەیوەستن بە کەرتی تایبەتەوە ڕاستەوخۆ لە سیستەم و تۆری نێودەوڵەتی بانک (سوێفت) دەئاخنرێت کە ڕێگر دەبێت لە سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی دارایی نایاسایی، قاچاخ و خۆدزینەوە لە باج.
3-هەر لە ڕێگەی پرۆسەی هەژماری من، دەتوانرێت سیستەمی حیسابی ئیسکرۆی خانووبەرە (حساب الضمان العقاري) بەکاربهێنرێت، کە ئەژمێرەکی بانکییە بۆ پڕۆژەی خانووبەرە دروست دەکرێت و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان پەیوەستە، تێیدا ئەو بڕە پارانەی لە کڕیارانی یەکە فرۆشراوەکان کۆدەکرێنەوە و دەخرێنە ناوەوە، وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو و ئامانجەکەی ڕێکخستنەوەی پرۆسەیە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و گەرەنتیکردنی مافی فەرمانبەر و وەبەرهێنەر لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت. بۆ نموونە، کارمەندێک یان فەرمانبەرێک دەتوانێت موڵکێک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەیەکی دیاریکراو بکڕێت بەتەمویل کردنی بڕە پارە لە شێوەی پارەی مانگانە لە هەژماری خۆیەوە بۆ هەژماری ئیسکرۆی خانووبەرەی پڕۆژەکە، بانک گرنتی تەواو کردن و تەسلیمکردنی یەکەکە دەکات بو کڕیار، لەلایەکی دیکەوە بانک مافی وەبەرهێنەر دەدات لە پێدانی بڕی پارەی مانگانە.
4-یارمەتی فەرمانبەر دەدات بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پاشەکەوت بکات و تەنیا ئەو بڕە پارە بکێشێتەوە کە پێویستی پێیەتی؛ هەروەها دەکرێت له ڕێگەی هەژماری من لە بانک بەکردنەوەی (حیساب أدخار) و سوودی لە قازانجی مانگانە ببێنێت
5-کردنەوەی ئەکاونتی پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ خانەنشینان و فەرمانبەری كەمدەرامەد لە ڕێگەی هەژماری منەوە، ئەمە سیستەمێکە کە تاک وخێزانەکان دەکاتە ئامانج کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی، پاڵپشتی داراییان بۆ دابین دەکات و سوودمەندەکان دەتوانن بارودۆخی ژیانیان باشتر بکەن و سەربەخۆیی دارایی بەدەست بهێنن و لە کەسێکی پێویستەوە بگۆڕن بۆ کەسێکی بەرهەمدار.
واتە خانەنشین یان کەمدەرامەد دەتوانێت بڕە پارەیەک لە بانک قەرز بکەن لە ڕێگەی هەژماری مووچەی خانەنشینییەوە و بڕە قەرزە بەکاری بهێنێت بۆ کردنەوەی پڕۆژەیەکی بازرگانی سادە بۆ ئەندامێکی خێزانەکەی یاخۆت پیشەی خۆی پراکتیزە بکات.
6-هەر فەرمانبەرێک دەتوانێت بەیاننامەی مووچەکەی کەڵک (كشف الحساب) وەربگرێت بۆ پێشکەشکردن لە باڵیۆزخانەکان بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزا بۆ گەشت و سەفەرکردن جگە لە ئاسانکاری و سوودەکانی تر لە خەرجکردنی پارە لە ڕێگەی کارتی ئەلکترۆنی و خاڵەکانی فرۆشتن بە شێوەی ئۆنلاین لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا؛ هەروها کەم بوونەوەی لەناوچوون و لەدەستدانی پارەی کاش.
بۆیە (هەژماری من) سوودی زیاتری هەیە لە بەکارهێنانی سیستمی بانکی بە پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی حیسابی تایبەتی خۆیان لەسەر ئاستی تاک و گشتی.