ئایا هەرێمی کوردستان پشکی له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئابووری و ئه‌منییه‌كانی عێراق و به‌ریتانیادا ده‌بێت؟

ئایا هەرێمی کوردستان پشکی له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئابووری و ئه‌منییه‌كانی عێراق و به‌ریتانیادا ده‌بێت؟
ئایا هەرێمی کوردستان پشکی له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئابووری و ئه‌منییه‌كانی عێراق و به‌ریتانیادا ده‌بێت؟

مێدیاكانی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سێشه‌ممه‌، 14ـی كانوونی دووه‌می 2025، سەردانەکەی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقییان بۆ شانشینی یەکگرتوو (به‌ريتانيا) و کۆبوونەوەی لەگەڵ شا (چارڵزی چوارەم) لە کۆشکی شاهانە لە شاری بیرمینگهام ڕاگەیاند و بە سەردانێکی گرنگ وەسفیان کرد و ئاماژە بە قووڵایی پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و بەریتانیا كرا و ئەو گرنگییە بەرچاوەی کە حکوومەتەکانی هەردوو وڵات دەیدەن بۆ پەرەپێدانی بەرژەوەندی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە ئاستە جیاوازەکاندا كرا. بەگوێرەی سەرچاوەکان ئەم زنجیرە ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی ئەو دانوستان و هەوڵانەدایە کە عێراق دەیکات بۆ بەرزکردنەوەی هاوبەشیی ئەمنی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا 2025، هەروەها ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ بونیاتنانی ژێرخان و پەرەپێدانی لایەنەکانی دیكه‌ی وەبەرهێنان.

تەوەری یەکەم: لەسەر ئاستی ئەمنی وهەواڵگری

ئەوەی كە ئاماژەی پێ كراوه، بەریتانیا پاڵپشتی عێراق بکات وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی، و پێگەی عێراق لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات لە سەروەری عێراق و دەرفەتدان بۆ وەرگرتنی بڕیاری سەربەخۆی زیاتر و بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی زیادەڕۆیی بە لایەنە هەرێمییەکانی دیکە و کەمکردنەوەی فشارەکانی جۆراوجۆر. لەبەر ئەوەی به‌ریتانیا به‌ یاریزانی سەرەکی و مێژوویی دادەنرێت بۆ عێراق و هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل دەپارێزێت، بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه م جۆره ڕێکەوتنەی عيراق لەگەڵ بەریتانیا تەنیا پرسێکی ئه منی  وئابووری نییه، بهڵکوو هه‌ڵگری ئاسۆی فراوانتره بۆ گهیشتن به ئامانجەکانی درێژخایەن (جیۆپۆلەتیکی) تایبەت لەم بارۆدوخەدا.

تەوەری دووەم: لەسەر ئاستی ئابووری وبەرهێنان

 لە میانی دیدارەکانی شاندی عێراقی و کۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئیدارەی کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانی بەریتانیا، لەنێویاندا کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی "بی پی" (بریتیش پێترۆلیۆم)، بەگوێرەی ئەو داتایانەی نووسینگەی سوودانی بڵاوی کردووه‌تەوە، ڕێککەوتنی هاوبەشیی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیای "بی پی" بە بەهای 14-15 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و ئەم ڕێککەوتنە کراوه‌  بەمەبەسی ئامانجی پەرەپێدانیان و زیادکردنی بەرهەمی  بواره‌كانی نەوت و گازی سرووشتى بۆ دابینکردنی پێویستی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و دووبارە گەشەپێدانی کێڵگەکانی (کەرکووک) و کێڵگەکانی دراوسێی لە (بای حەسەن، جەمبوور و خەباز) بەئامادەبوونی هەر یەک لە حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوت و عامر خەلیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و هاوکات لەگەڵ زەید یاسیری، نوێنەری کۆمپانیای "بی پی" و بەڕێوەبەری لقی عێراق، واژۆ کراوە.

 بەگوێرەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، ئەم ڕێککەوتنەی نێوان حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای "بی پی"، گەورەترە لە ڕێککەوتنی (تۆتال ئینێرجی) فەرەنسی، کە لە ساڵی 2023 واژۆ کرابوو لە بەسرە و بەهاکەی نزیکەی 27 ملیار دۆلار مەزەندە کرابوو.

 کۆمپانیای بی پی (بریتیش پێترۆلیۆم) یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزە لە جیهاندا، و بە قۆڵی نەوتی حکوومەتی بەریتانیا دادەنرێت کە لەساڵی 1909 لە ژێر ناوی کۆمپانیای نەوتی ئینگلیز- فارس (الأنجلو - فارسية) دامەزراوە، و وەبەرهێنانی هەیە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ زیاتر لە 100 ساڵ، بەتایبەتی دوای جەنگیی جیهانیی یەکەم و ڕێککەوتنی (سان ڕیمۆ) کە جێگەی کۆمپانیای نەوتی تورکی (تی پی سی)ـی سەر بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە کێڵگەکانی کەرکووک و مووسڵ لە ساڵی 1927 گرتەوە.

هەروەها کۆمپانیای بی پی بەشێک بوو لە کۆنسۆرتیۆمی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیسته‌مدا نەوتیان لە کەرکووک دۆزییەوە، بە مەزەندەکردنی ئەو ناوچەیە نزیکەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی وەرگیراوی تێدایە و خاوەنی پشکی 50%ـی کۆمپانیایەکی هاوبەشە بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی ڕومێله‌ لە باشووری عێراق.

کاردانەوەکانی ئەم ڕێککەوتنە بە گشتی

بە پێی تێڕوانینی شارەزایانی ئابووری

١- ئەم ڕێککەوتنە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کێڵگە سەرەکییەکانی کەرکووک و (بای حەسەن، خەباز وجەمبوور) لە خۆ دەگرێت، بەڵام قوبەی خورمەڵە کە دەکەوێتە ناو سنوورە خاکییەکانی هەرێمی کوردستان دڵنیا نییە کە ئایا لە گرێبەسته‌كه‌دا هاتووە یان نا؟ هەروەها ئەم گرێبەستە لە بازاڕی نەوت و گازدا بە قۆرخکاری دادەنرێت! چونکە ئەم جۆرە گرێبەستانە پەراوێزێکی زۆر کەم بۆ کۆمپانیا بیانییەکانی تر کە لە ناوچەکەدا ئامادەن دابین دەکات و گریمانە دەکرێت ئەم ڕێکەوتنە مۆدێلێکی بەخشندەتر لە خۆ بگرێت بۆ هاوبەشکردنی قازانجی لە نێوان ڕکابەرەکاندا.

٢- ئەم گرێبەستە دەتوانێت ڕەوتی گرێبەستە هەڵپەسێردراوەکان ڕاست بکاتەوە کە پێشتر حکوومەتی عێراق لەگەڵ چین و ڕووسیا ئەنجامی داون، و سوودمەند لە ئەزموونەکانی پێشووی ئەو ڕێککەوتنە ئابوورییەی کە ئەگەری هەبووە لە نێوان عادل عەبدولمەهدی و دەسەڵاتی ئابووری لە چین لە ساڵی 2019 ڕوو بدات بۆ بونیاتنانی عێراق و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری ئاوەدانکردنەوەی زیانلێکەوتوو کە بەهای نزیکەی 10 ملیار دۆلار مەزەندە کرا.

بە پێی بۆچوونی شارەزایانی جیۆپۆلەتیک

 ٣- گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، و تورکیا بە دیارترین یاریزان دادەنرێت تایبەت دوای گۆڕینی دەسەڵات لە سووریا و چوڵکردنی گۆڕه‌پان لەلایەن ڕووسیا و ئێران، هەروەها دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ لە پۆستی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا کە بە دوژمنی سەرسەختی ئێران و دۆستی ئەردۆغان دادەنرێت.

ئەم گۆڕانکارییانە دیوارەکانی دەوری دەسەڵات لە بەغدا تەسک کراون و ئەگەری هەیە ئیسرائیل میلیشیا شیعەکانی عێراق بکاتە ئامانج بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، یان ڕەنگە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران. بۆیە بە پێی تێگەیشتنی دەسەڵات لە بەغدا، ئەمە بە باشترین سیناریۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق فايله نەوتییەکان بە تەواوی ڕادەستی کۆمپانیای بەریتانی (بریتیش پێترۆلیۆم) بکات کە ڕەنگە بتوانێت ڕۆڵی پارێزەر و ڕزگارکەری بەرژەوەندییەکانی کەسانی سیاسی شیعە لەم هەڕەشە ئیقلیمییانە بگێڕێت، چونکە بەشی قووڵی شانشینی یەکگرتوو (به‌ريتانيا) لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ، عێراق به سەروەت و سامانەکەی بە بەشێکی دانەبڕاو لە موڵک و غەنیمەتەکانی دەزانێت هەروەها دیدی بۆ عێراق تا ئێستاش هەر وەک سەدەیەک پێش ئێستایە عێراق یەکە و پایتەختەکەی بەغدایە.