ئەو پلانەی دوژمنانی کورد دەیانەوێت بەدەستی بهێنن

"گۆڕینی ڕەوتی ناڕەزایەتی لە بەغداوە بۆ هەولێر"

ئەو پلانەی دوژمنانی کورد دەیانەوێت بەدەستی بهێنن
ئەو پلانەی دوژمنانی کورد دەیانەوێت بەدەستی بهێنن

ڕوون و ئاشکرایە لە عێراق گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن زۆر بە فراوانی بڵاو بووەتەوە و تەشەنەی کردووە و بووەتە بەشێک لە کولتووری زۆرێک لە دامودەزگا حکوومەتی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن وتەنانەت لە سیستەمی دادوەریش دا بە شێوەیەکی بەرفراوان هەیە ونەیتوانیوە ڕێگری لە گەندەڵی بکات. 

بەپێی پێوەرەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتیی بۆ تێڕوانینەکانی گەندەڵی لە ساڵی 2023 کە عێراق لە کۆی 180 وڵات بە پلەی 154 لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکاندا بەدەست هێناوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی بە 23 خاڵ لە کۆی 100 خاڵ، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکانی لیژنەکانی دەستپاکی لە کوتایی ساڵی 2024، زیاتر لە پێنج هەزار گرێبەستی خەیاڵی کە بە بەهای 228 ملیار دۆلار لە پرۆژەی بیناسازی و ژێرخانی مەزەندەکراودا هەن کە تەنیا ڕەنگن لەسەر کاغەز! و یەکێک لە دەستکەوتەکانی حکوومەتی عێراق دۆسیەی دزینی سەدەیە "سرقة القرن" کە لەساڵی 2024 لە دەسەڵاتی باج وداهات ڕووی دا ونزیکەی 2.5 ملیار دۆلار لە ڕێگەی تۆڕێکی کۆمپانیاکان وهاوکاریی بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی و حکەومەتییەوە دزراون. 

هەروەها بەگوێرەی تۆڕی "ام ئێس ن" ی ئەمریکی، بڕی مەزەندەکراوی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2003 تا ئێستا دزراوە، زیاتر لە 400 ملیار دۆلارە، کە ڕاستەوخۆ لە گەنجینەی حکوومەتی عێراقەوە دزراوە، بەهۆی ئەم ژمارە زۆرەی گەندەڵی ناو حکوومەتی عێراقدا بووەتە هۆی کەمیی خزمەتگوزاری و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵی. 

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی بانکی نێودەوڵەتی بڵاویان کردووتەوە، بەرهەمی ناوخۆیی عێراق لە ساڵی 2019 دا بڕی 234 ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە %2ی ئابووری جیهانی نەوتی، جگە لە ترسی ئەگەری وشکەساڵی لە شارەکانی باشووری عێراق و بەرزبوونەوەی ئاستی کاربۆن و پیسبوونی ژینگە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق بە یەکێک لەو دە وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، هەروەها بەپێی ئاسۆی ژینگەی جیهانی بە پێنجەم وڵات دادەنرێت کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ کەمیی ئاو و خۆراک، ئەمەیە خاکی میزۆپۆتامیا و بناغەی یاسای حەمورابی.

ئەو ناڕەزایەتی و ئیفلیجییە سیاسییەی کە لە ئۆکتۆبەری 2019دا سەری هەڵدا وچەند مانگێکی خایاند لە شارەکانی باشوور وناوندی عیراق، کە زۆرینەی هەژاری شیعەن، لەو ماوەیەدا سەدان هەزار خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر مانیان کرد دژی حکوومەتی عێراق ودەسەڵات وتەشەنەکردنی بێکاری و داڕمانی ژێرخانی ئابووری و نەبوونی دیموکراسییان شەرمەزار کرد. کە تیایدا پۆلیس، گازی فرمێسکڕێژ و تەقەمەنی ڕاستەقینەی بەکارهێنا بۆ ڕێگریی خۆپیشناندەران لە بەزاندنی بەربەستە کۆنکرێتییەکانی سەر پردی ئازادی کە دەچێتە ناوچەی سەوز، ئەوەش بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 600  کەس و برینداربوونی 30 هەزار هاووڵاتی؛ نەمانبینی هیچ کام لە سەرکردە دیارەکانی شیعە و کوتلە لایەنگرەکانی ئێران، هێرش وسەرکوتکردنی مافی خۆپیشاندەران ئیدانە بکەن. تەنانەت کلکەکانی هەندێک لە سەرکرده سیاسییەکانی شیعه کە لە میدیاکانیان تەنات له تۆڕه کۆمەڵایەتییه کانیاندا یەک قسە یان بەیاننامەیەکی ناڕازییان نەدا دەربارەی ئەو نادادپەروەریە و زوڵمەی که به سەر خۆپیشاندەرە ناڕازییەکانمان له عێراق و باشوردا هەیە، که سەرەتاییترین مافی ژیانیان لێ دزراوە.  ئەمڕۆ کیلابی وهاوشێوەکانی  شەولە کۆڵانەکانی سلێمانی بەسەر دەبەن و داوای ناڕەزایەتی و مانگرتن دەکەن دژی حکومەتی هەرێم.

لەکاتێکدا ئەوان زۆر بەباشی دەزانن کە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق بۆ سالانی 2023-2025 لەلایەن پەرلەمان وە دەستکاریکردنی زۆرێک لە بڕگەکانی یاسای بودجە دژی کورد و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وهەروەها خواست وداواكردنى داهاتی ناوخۆیی هەرێم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کورتهێنان دەبێتیەو لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی وخەڵکی هەرێمی کوردستانیش لە زاخۆ تا هەڵەبجە هەمان شێوە ڕووبەڕووی قەیران دەبن. 

ئەمە ئەو ستراتیجیەیە کە دوژمنانی کورد دەیانەوێت بەدەستی بهێنن بە گۆڕینی ڕەوتی ناڕەزایەتی لە بەغداوە بۆ هەولێر بەمەبەستی پاککردنەوەی گەندەڵیەکانیان وشکستی حوکمڕانی لە عيراق، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی بەغدا و دەوڵەمەندەکان و براکانمان لە ناوەند و باشووری عيراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە پێشکەوتووترین و جوانترین و ئەمنترین پارێزگایەکانی عێراق وەسفی دەکەن و بە نموونەیەک بۆ پارێزگاکانی تر دەزانن سەرەڕای ئەو هەموو بەربەست و ئاستەنگانەی بەغدا کە دەیخاتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوتی ڕۆژانەی خەڵک.