نەبەز عەبدولحەمید: بەدواداچوون بۆ هەر سکاڵایەک دەکەین لەبارەی موەلیدەی گەڕەکەکانەوە بکرێت
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: بەدواداچوون بۆ هەر سکڵایەک دەکەن کە لەبارەی موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکانەوە دەکرێت، سەرباری ئەوەی لێژنەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ کاری پاڵاوگەکان، هەموو ئەو پاڵاوگانەی کە دەخران و دادەخرێن، ناکرێنەوە و خاوەنەکانیان ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لێپرسینەوە لەگەڵ خاوەنی هەموو ئەو موەلیدانە دەکەین لەلایەن هاووڵاتییانەوە سکاڵایان لێکراوە، دەشڵێت: ئەوانەی پابەندی ڕێنماییەکانی ژینگە پارێزی نابن، سزای پێ بژاردنیان لەسەر جێبەجێ دەکرێت، سەرباری ئەوانەی ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە لەڕێگەی داواکاریی گشتی بۆ ئەوەی سزای یاسایی وەربگرن.
قایمقامی هەولێر دووپاتی کردەوە، هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نا یاساییەکان بەردەوامە، جگەلەو 9خاوەنی پاڵاوگەیەی دوێنێ دەستگیرکران، پێش هەفتەیەکیش 9 کەسی دیکە بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەکانیان نا یاسایی بوون، دەستگیر کران.
نەبەز عەبدولحەمید دووپاتی کردەوە، ئەو پاڵاوگانەی داخروان، بەهیچ شێوەیەک ناکرێنەوە.
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، پۆلیس، لێژنەکانی قایمقامییەت، پارێزگای هەولێر و فەرمانگە ژینگەییەکان، ڕاسپێدراون بۆ ئەوەی دەست بە هەڵمەتێک بکەن بۆ مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاری پاڵاوگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
هەر بە پێی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت، هەر پاڵاوگەیەک پابەند نەبێت بە ڕێنماییە ژینگەییەکان، چاوپۆشی لێ ناکرێت و دادەخرێت و خاوەنەکەشی دەستگیر دەکرێت.