ئێران ئامادەکاریی بۆ مانۆرێکی سەربازیی گەورە دەکات
ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند:لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مانۆڕی سەربازی "هێرشکردن و بەرگری لە وشکانی و ئاسمانی و دەریایی رێکدەخات، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی "هەڕەشەکان" لەوانەش هەڕەشەکانی ئیسرائیل.
چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەنەراڵ غولام عەلی ڕەشید، فەرماندەی بارەگای خاتم ئەلئەنبیا کە سەرپەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکات گوتی: یەکەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژانی داهاتوودا مانۆڕی بەرگری و هێرشی بەرفراوان ئەنجام دەدەن، ئاماژەی بەوەشدا، مانۆڕەکە بەهێز و چڕ دەبێت.
ئێران ساڵانە نزیکەی 30 مانۆری سەربازیی دەکات کە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕێکی دەخەن، ئەو زانیارییانەش لیوا غولام عەلی ڕەشید ئاشکرای کرد.
لیوا غولام ڕایگەیاند: ئەنجامدانی ئەو مانۆرە سەربازییە لەپێناو ئەوەیە بزانین هێزە چەکدارەکانی ئێران تا چەند توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی هەیە، دەشڵێت: ئامانجی سەرەکی لە مانۆرەکە، بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی و هێرشبردنە بۆ لێدانی دوژمن.