زێلێنسکی بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەست لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاگربەست و سەردانی ئەمریکا دەکات، لە کاتێکدا کرێملن رایگەیاندووە، ئەوان بەردەوام دەبن لە جەنگ تا سەرکەوتنی تەواو، بەڵام هاوکات دەرگایان بۆ پێشنیازە نوێیەکانی ئۆپراسیۆنی ئاشتیی ئەمریکا کراوەیە.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، رۆژی سێشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەکی فەرمیی ئۆکرانییش بە رۆیتەرزی گوت، زێلێنسکی، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی دەکات چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەیدا بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی لیندزی گراهام سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکا بکات، کە یەکێک بوو لە پاڵپشتیکەرە گەورەکانی کیێڤ و لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە 10 جار سەردانی ئۆکرانیای کردبوو.
بەپێی سەرچاوەکان، بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمریکا خەریکی داڕشتنی پێشنیازێکن بۆ راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان (فڕۆکە، درۆن و مووشەکەکان) بۆ ئەوەی پێشکەش بە رووسیای بکەن، وەک بەشێک لە هەوڵە نوێیەکان بۆ کۆتایهێنان بەم جەنگەی کە لە ساڵی 2022ەوە دەستیپێکردووە.
هەرچەندە پێشتر ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، پێشنیازەکانی ئۆکرانیای بۆ ئاگربەست رەت کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسان پێیان وایە بەردەوامیی زیانە ئابوورییەکانی ناوخۆی رووسیا بەهۆی هێرشی درۆنەکانی ئۆکرانیاوە، رەنگە هۆکار بێت بۆ ئەوەی پووتین نەرمی بنوێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت لە جەنگ؛ "ئەگەر هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ ئاشتی نەبێت، ئێمە تا کۆتایی دەجەنگین، بەڵام هاوکات چاوەڕێی پێشنیازە نوێیەکانی ئەمریکا دەکەین."
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، تیمی دانوستانکاری ترەمپ لە هەوڵەکانیاندا بۆ دۆزینەوەی بژاردەی گونجاو بۆ هەردوولا راستگۆن و رووسیایش پێشنیازەکەی ئەوانی قبووڵ کردووە، بەڵام ئۆکرانییەکان بە هاندانی لایەنە ئەوروپییەکان لێکتێگەیشتنەکەیان رەتکردووەتەوە.
دوایین گەڕی گفتوگۆی ئاشتی سێقۆڵی لە نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا لە مانگی شوباتدا بەڕێوەچوو، پێش ئەوەی چەنگی ئێران دەستپێبکات و کرملین هیوادارە لە دوای هێوربوونەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مۆڵەتی پێویست بدرێتەوە بەم پرسە.