بەھۆی تەقەی ھێزەكانی ئێران چەندین ئاژەڵ لە سنووری پشدەر مردار بوون

.

K24 - قەڵادزێ

پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند: "ھێزە چەكدارەكانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی پشدەر تەقە لە بزن و ئاژەڵانی مەڕدارەكان دەكەن و بەوھۆیەوە ژمارەیەك ئاژەڵ مرداربوون و بەشێكی دیكەش برینداربوون".

مەڕدارانی ناوچەكە بە پەیامنێری كوردستان24یان گوتووە "بەهۆی تەقەکرنی سوپای پاسدارانی ئێران لە سنووری بناری قەندیل لە کوێستانەکانی گوندی ڕەزگە، لە هەوارگەی وردە مێرگان، دوێنێ چەندین ئاژەڵ و بزن مردار و بریندار بوون".

بەوتەی مەڕداران، ئەگەرچی ئەوان لە سنوورەکانی ئێران نزیک نابنەوە، بەڵام پاسدارانی ئێران بەچەکی دۆشکە و دوور هاوێژ تەقەیان لێدەکەن و ژیانیان دەخەنە مەترسی.

شوانکارە و خاوەن ئاژەڵانی ئەو سنوورە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، لەم هەفتەیه دووەم جارە پاسداران تەقە لە مەڕدارانی کوێستانەکانی رەزگە لە سنووری قەزای پشدەر دەکەن.