کۆشکی سپی سزای ئەو وڵاتانە دەدات کە لە جەنگی ئێراندا پشتیوانی ترەمپیان نەکرد
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی ئامادەکردنی پۆلێنکردنێکی نوێیە بۆ وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی ناتۆ، بە جۆرێک هاوپەیمانەکان دابەشی سەر دوو بەرەی "گوێڕایەڵ و سەرپێچیکار" دەکات. ئەم هەنگاوە ئامانجیەتی پاداشتی ئەو وڵاتانە بداتەوە کە لە جەنگی ئێراندا هاوکاری ئەمریکا بوون و سزای ئەو وڵاتانەش بدات کە مەرجەکانی ترەمپیان بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان و بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" لە زاری سێ دیپلۆماتی ئەوروپی و بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کۆشکی سپی لیستێکی وردی ئامادە کردووە کە تێیدا ئاستی پابەندیی وڵاتانی ناتۆ دیاری کراوە. ئەم لیستە وەک کارتێکی گوشار بەکاردێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ترەمپ پێشتر هەڕەشەی کشانەوەی لە ناتۆ کردبوو.
ئیدارەی ترەمپ پشت بە دوو خاڵی سەرەکی دەبەستێت بۆ پۆلێنکردنی وڵاتەکان، ئەوانیش ئایا وڵاتەکە هاوکار بووە لە پاراستنی گەرووی هورمز یان رێگەی داوە بنکە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێن؟، پۆلێنی دووەم، ئایا وڵاتەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ترەمپ دیاری کردووە (5%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی)؟
بەپێی راپۆرتەکە، وڵاتانی وەک پۆڵەندا، رۆمانیا، لیتوانیا، لاتڤیا، و ئیستۆنیا لە لیستی هاوپەیمانە "نموونەییەکاندا"ن، چونکە خەرجیی بەرگرییان زیاد کردووە و هاوکاری سەربازیی ئەمریکایان کردووە. لە بەرانبەردا، وڵاتانی وەک ئیسپانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کەوتوونەتە ژێر چاودێریی ورد، چونکە یان رەتیان کردووەتەوە بنکە سەربازییەکانیان بۆ جەمگی ئێران بدەنە ئەمریکا، یان وەک ئیسپانیا ئامادە نەبوون خەرجییە سەربازییەکانیان بگەیەننە 5%.
پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوپەیمانە نزیکەکان مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی شکست دەهێنن رووبەڕووی سزاکان دەبنەوە کە بریتین لە، گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتە "سەرپێچیکارەکانەوە" بۆ وڵاتە "پاداشتکراوەکان"، کەمکردنەوەی مەشق و راهێنانی سەربازیی هاوبەش و سنووردارکردنی فرۆشتنی چەک بەو وڵاتانەی لەگەڵ واشنتن هاوئاهەنگ نین.
ئانا کێڵی، یاریدەدەرێکی سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، رایگەیاندووە، ترەمپ هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم "نایەکسانییە" روون کردووەتەوە و جەختی کردەوە کە "ئەمریکا ئەمە لە یاد ناکات". هەرچەندە گواستنەوەی هێزەکان لە ناو ئەوروپادا کارێکی تێچووی زۆرە و لە ناو کۆنگرێسیشدا دژایەتی هەیە، بەڵام ئەم لیستە وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر یەکگرتوویی ناتۆ دەبینرێت.