31 زیندانی لە چاکسازییەکی بەغدا تووشی کۆرۆنا بوون

K24 - هەولێر

وەزارەتی دادی عێراق تووشبوونی 31 زیندانی لە چاکسازییەکی بەغدا بە کۆرۆنا راگەیاند.
کامیل ئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاکسازیی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند 31 زیندانی لە کۆی 600 زیندانیی چاکسازیی کەرخ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 22 ساڵە.

پەتای کۆرۆنا لەدوای بڵاوبوونەوەی لەنێو پاسەوانان و کارمەندانی چاکسازییەکە، بۆ زیندانییەکانیش گوازراوەتەوە. وەزارەتی داد تاوەکو ئێستا 31 حاڵەتی تووشبوونی کۆرۆنای لەنێو دەستگیرکراوانی چاکسازییەکەی کەرخ لە ناوچەی رەحمانییەی بەغدا بەفەرمی تۆمار کردووە.
کامیل ئەمین دەڵێ "تووشبووەکانی کۆرۆنا لە چاکسازییەکە، سەرجەمیان رەوشی تەندروستییان جێگیرە و، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 225 زیندانی پشکنینی کۆرۆنایان بۆ کراوە"، داواش دەکات ژمارەی پشکنینەکان زیاد بکرێت.

چاکسازییەکە خۆی شوێنی 250 کەسە، بەڵام 600 کەس تێیدا جێگەیان کراوەتەوە، لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتاکەش لەنێو زیندانییەکان، بەگوتەی کامیل ئەمین "بەشێکی زیندانییەکان گوازراونەتەوە زیندانی رەشاد تاوەکو شوێنی تووشبووان لە ساغەکان جیادەکرێتەوە".

پێنجشەممەی رابردوو، عەلی بەییاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ (کە سەر بە پەرلەمانی عێراقە)، هۆشداری دابوو لە داڕمانی رەوشی تەندروستی لە گرتووخانەکان و، گوتبووی ژمارەیەکی زۆر کارمەندی گرتووکانەکان، هەروەها زیندانییەکان تووشی کۆرۆنا بوون.

بەگشتی تائێستا زیاتر لە 58 هەزار کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 31 هەزار و 77 کەسیان چاکبوونەتەوە، لەبەرامبەریشدا زیاتر لە دوو هەزار و 368 کەسیش بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستداوە.