"تێکشکێنەر" ئەمیری نوێی رێکخراوی داعشە و بە دڕندەیی ناسراوە
خەڵکی تەلەعفەرە و پێشتر ئەفسەر بووە لە سوپای عێراق
K24 - هەولێر
محەمەد سەعید عەبدولرەحمان، ئەمیری نوێی رێکخراوی داعش تورکمانێکی عێراقە و بەچەندین ناو بانگدەکرێت لەوانە "پرۆفیسۆر، تێکشکێنەر و مەولا".
رێکخراوی داعش بە ناوی "ئەمیر - شازادە" ئەبو ئیبراهیم هاشم قورەیشی دەیناسێنێت، کە سەرەڕای لەدەستدانی ئەو خاکەی رێکخراوەکە لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵی کردبوو، هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و داعش بنیاتبنێتەوە.
محەمەد سەعید لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 لەدوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە هێرشێکی ئەمەریکا، کرایە جێنشین و کەسی یەکەمی رێکخراوەکە، بەڵام هەریەک لە دەزگای هەواڵگری عێراق و ئەمەریکا تاوەکو چەند مانگێک دواتر ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس، راپۆرتێکی دوورودرژێی لەبارەی ئەمیرەکەی داعش بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ "دیار نییە هۆکاری چییە ئەو پیاوە، کە بەڕەچەڵەک تورکمانە و لەدایکبووی ساڵی 1976ـە، بووەتە سەرکردەی داعش لەکاتێکدا سەرجەم سەرکردەکانی پێشووی رێکخراوەکە، بە رەچەڵەک عەرەب بوون".
بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا لە مانگی کانوونی دووەمی 2020، لەبارەی محەمەد سەعیدەوە دەڵێ هەڵبژاردنی ئەو بە کەسی یەکەمی رێکخراوەکە، بڕیارێکی کاتییە تاوەکو داعش کەسێکی دیکە دەکاتە ئەمیر، کە شەرعییەتێکی زیاتری هەبێت".
24-3-2020 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەفەرمی و بە ناسناوی قورەیشی، ناوی محەمەدی وەکو سەرۆکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دیاریکرد و، خستییە لیستی یەکەم داواکراوە تیرۆرستەکان لە جیهان.
محەمەد سەعید لە سەردەمی حوکمی سەدام حوسێندا، ئەفسەر بووە، ئەو زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی موسڵ خوێندووە و لەدوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق، چووەتە ریزی رێکخراوی قاعیدە.
لە ساڵی 2004 لە گرتووخانەی بووکای ئەمەریکییەکان لە عێراق زیندانیکراوە، ئەو گرتووخانەیە بە یەکێک لەو شوێنانە دادەنرێت، کە تێیدا پەرە بە بیروبۆچوونی جیهادی دراوە، هەر لەوێش بە ئەبوبەکر بەغدادی ئاشنا بووە.
دوای ئەوەی بە چەند هۆکارێکی نەزانراو ئازادکراوە، محەمەد چووەتە پاڵ هاوڕێکەی زیندانی (بەغدادی)، کە لە ساڵی 2010ـدا دەستی بەسەر لقی عێراقی رێکخراوی قاعیدەدا گرت و، دواتریش رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق دروستکرد، دوایین جاریش رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام دامەزراند.
محەمەد، هەرزوو پلەی لەنێو رێکخراوی داعش بەرزبووەوە، بە پرۆفیسۆر و بە تێکشکێنەر بانگیان دەکرد، هەروەها بەهۆی لەنێوبردنی دژبەرەکانی لەنێو رێکخراوی داعش، بە "پیاوی وەحش" ناوبانگی دەرکردبوو.
تەلەعفەر، 70 کیلۆمەتر لە دووری موسڵ، گەورەترین شاری پارێزگای نەینەوا و شوێنی دروستکردن و بەرهەمهێنان و کارگەی چەندین جۆر تەقەمەنیی داعش، شوێنی لەدایکبوونی ئەمیرەکەی داعشە.
جان پیێر فیلیۆ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پاریس و شارەزا لە کاروباری جیهادییەکان دەڵێ "ئەبو عومەری تورکمانی، جیا لە بەرپرسیاریێتییەکانی لە چوارچێوەی رێکخراوە تیرۆرستییەکە، رۆڵێکی گەورەشی بینیوە لە هەڵمەتی لەنێوبردنی ئێزدییەکان، لەڕێگەی قەسابخانە، راگواستن و بە کەنیزەککردنی کچان".
ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێ ئێستا "تێکشکێنەر" کاردەکات بۆ بنیاتنانەوەی رێکخراوی داعش و دەیەوێت وەکو ساڵانی زێڕینی رێکخراوەکە (2014 بۆ 2019)ـی لێبکاتەوە، بۆ ئەمەش سوود لەو پاشەکشەی ئەمەریکا لە ناوچەکە و سەرقاڵبوونی هێزەکانی عێراق وەردەگرێت، کە ئێستا خەریکن شەڕی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەکەن.
بەپێی سەنتەری سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەمەریکی، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، رێکخراوی داعش بە ناوەندی سێ رۆژ جارێک لە سووریا هێرشێکی ئەنجامداوە.