سەرۆکی حکومەت گرنگیی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەگەڵ گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا تاوتوێ دەکات
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە گرووپی دۆستایەتيی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا کرد بەرامبەر پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کارکردنیان لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی گرووپی دۆستایەتيی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا (APPG)، بە سەرۆکایەتی جۆن سلینگەر، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و بەرپرسی گرووپەکە کرد.
لە دیدارەکەدا، شاندەکە ئاماژەیان بە کار و چالاکییەکانی گرووپەکە کرد، کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی ناو پەرلەمانی بەریتانیا پيکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنکی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئەندامانی گرووپەکە و حکومەت و پەرلەمانی بەریتانیای کرد و دەستخۆشی لێ کردن بۆ پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کارکردنیان لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا .

