لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناوی ژمارەیەک فەرمانبەری دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی دەگەڕێتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامە لە ڕێکخستن و ئامادەکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ناوی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی. بەڕێوەبەری بەشی یاسایی وەزارەتەکە دەڵێت: ئامادەکاریی دەکرێت بۆ گەڕانەوەی ناوی فەرمانبەرانی دیکە.

یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەم هەفتەیە ناوی 35 هەزار فەرمانبەری دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی دەگەڕێتەوە و ئامادەکاری بۆ ناردنی ژمارەیەک ناوی دیکە دەکرێت.

سەربەست مەولوود گوتیشی: هیچ وەزارەت و شارەوانییەک نییە بەشێک لە ناوەکانی فەرمانبەرەکانی بۆ وەرگرتنی زەوی نەگەڕابێتەوە، تەنیا مامەڵەیی ناوی وەزارەتی پێشمەرگە و خانەنشیانیان ماوە، چونکە پێویستی بەوەیە کاری زیاتری لەسەر بکرێت. 

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.