زانایانی رووسیا دەرمانێکی نوێیان بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی جگەر پەرەپێدا
زاناكانی مەڵبەندی توێژینەوەی پزیشكی لە بواری تیشکدا، سەر بە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا، دەرمانێکی نوێ و پێشکەوتوویان بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی جگەر پەرەپێدا، کە لە هەمان کاتدا دەکرێت بۆ رێگریکردن و چارەسەری بڵاوبوونەوەی گرێ شێرپەنجەیییەکانیش بەکاربهێندرێت.
یوری زوبۆف، سەرۆکی دەستەی فیدراڵیی خاوەندارێتی رۆشنبیری لە رووسیا (رۆسپاتێنت)، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میخائیل میشۆستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، داهێنانەکان لە بواری پزیشکی و دەرمانسازیدا لە پێشەنگی ئەو داواکارییانەن کە پێشکەشی دەستەکەیان دەکرێن بۆ تۆمارکردن، لە نێویشیاندا ئەم دەرمانە رادیۆئەکتیڤە نوێیە کە دەستکەوتێکی بەرچاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی جگەر.
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا لە بازاڕەکانی جیهاندا دەرمانی رادیۆئەکتیڤ بۆ ئەم مەبەستە بەردەستن، بەڵام بەهۆی بەرزیی نرخەکەیان و کورتیی ماوەی بەکارهێنانیان ــ کە تەمەنی نیوەی ئایزۆتۆپی ئیستریۆم-90 بریتییە لە 64.1 کاتژمێر ــ بەکارهێنانیان رووبەڕووی ئاستەنگ ببووەوە. ئەمەش وای لە زانا رووسییەکان کرد کار لەسەر بەرهەمهێنانی "دەرمانێکی ئەتۆمی" تایبەت بە خۆیان پەرەپێبدەن کە راستەوخۆ شانە شێرپەنجەیییەکان دەکاتە ئامانج.
ئەم دەرمانە نوێیە لە گەردیلەی زۆر وردی پڕۆتینی ئەلبوومینی خوێن پێکهاتووە کە بەستراوەتەوە بە ئایزۆتۆپی ئیستریۆم-90. ئەم گەردیلانە لە ناو تۆڕی دەمارەکانی گرێ شێرپەنجەیییەکاندا گیر دەخۆن و لە رێگەی تیشکدانەوە راستەوخۆ خانە شێرپەنجەیییەکان لەناو دەبەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڤێرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا، سەرۆکی ئاژانسی پزیشکی و بایۆلۆجیی فیدراڵیی رووسیا، لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی هەنگاوەکان کردووە بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینێکی دژە گرێ شێرپەنجەیییەکان، کە دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی چاکبوونەوەی تەواوەتی لە نەخۆشیی شێرپەنجە.