ئەمڕۆ تەرمی پاپا فرانسیس لە ڕۆما بەخاک دەسپێردرێت
ئەمڕۆ شەممە 26ـی نیسانی 2025، دەوڵەتی ڤاتیکان بە بەشداریی نزیکەی 200 هەزار کەس و 162 شاندی جیهانی لە شا، سەرۆک، سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی جیهان پێکهاتوون، لەوانەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەڕێوەدەبات.
ئەمڕۆ مەراسیمی بە خاکسپاردنەکە دەستپێدەکات، بەپێی زانیارییەکانی میدیای ئیتالیا، تەرمی پاپا فرانسیس 12 کیلۆمەتر بەنێو ڕۆمادا دەگێڕن، دواتر لە کڵێسای سانتا ماریا لە ڕۆما بەخاک دەسپێردرێت.
بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆی ڕاگەیاند، سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، پەیامی هاوخەمی خۆیان ئاراستەی ڤاتیکان کرد.
لە ئەمڕۆوە پرسەی پاپا فرانسیس دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 9 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پاپا فرانسیس وەک یەکەم پاپا لە مێژوودا، ساڵی 2021 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشوازییەکی فراوانی لێکرا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 21ـی نیسانی 2025، بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی سییەکانی، پاپای ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵی کۆچی دوایی کرد.