فەرەنسا: ئەگەر ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی ڕێک نەکەوێت، سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنین
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و دیبلۆماتکارانی ئەورووپا هەڕەشە لە ئێران دەکەن و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر بەر لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، تاران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی ڕێک نەکەوێت، ئەوا سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنین.
سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنی 2015ـی بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەسەرچوو و نەگەیشتنە ڕێککەوتن، هاوکات بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بکەوێتە مەترسیەوە، ئەوە بەبێ هیچ گومانێک هەمان سزای 10 ساڵ بەر لە ئێستا، بەسەر ئێراندا دەسەپێنینەوە.
وەزیری دەرەوەى فەرەنسا، ئاماژەشی داوە، ئەو سزایانە بە شێوەییەکی کاتی ڕێگریی لە ئێران دەکەن دەستی بە تەکنەلۆجیا و وەبەرهینان و بازاری ئەورووپا بگات. کە ئەمەش زیانێکی زۆر بە ئابووریی وڵاتەکەیان دەگەینێت. گوتیشی: نامانەوێت ئەو کارە بکەین، بۆیە داوا لە ئێران دەکەین بڕیارێکی دروست بدات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزش لەوبارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر بەر لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەگەڵ ئێران ڕێک نەکەون، ئەوە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هەمان سزای پێشووتر کە لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگیرابوون، بە سەریدا دەسەپێننەوە.
هاوکات، بە گوێرەی ئەو ئاژانسە ئەمەریکاییە، شاندی ئێران پێشنیازیان کردووە ، بەر لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا لە عومان، ڕۆژی هەینی داهاتوو لە ڕۆما لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا کۆ ببنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، تاوەکوو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا وەڵامی داواکارییەکەی ئێرانیان نەداوەتەوە.
لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ڕێککەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسراوە.
هەروەها لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بە بیانووی پێشێلکردنی ڕێکەوتنامەکە لەلایەن ئێرانەوە، لە ڕێککەوتنامەکە کشایەوە.