جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: ئەڵمانیا دەیەوێت جارێکی دیکە دیواری بەرلین دروست بکاتەوە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ئەڵمانیا تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی دروستکردنەوەی دیواری بەرلین دەدات، ئەو لێدوانەی دی ڤانس، یەکەم لێدوانی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپە دژ بە وڵاتێکی هاوپەیمانی لەمێژینەی خۆیان.
ئەو لێدوانەی جەی دی ڤانس، دوای ئەو ڕێکارانە هات کە ئەڵمانیا گرتییە بەر بەرانبەر پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیای ڕاستڕەوی توندڕەو.
جەی دی ڤانس لە پێگەی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئێمە دیوارەکەمان ڕووخاند، بەڵام ئەوان دروستی دەکەنەوە، ئەو دیوارەش بەدەستی سۆڤێت و ڕووسیا دروست ناکرێت، بەڵکو لەلایەن دامەزراوە سیاسییەکانی ئەڵمانیاوە دروست دەکرێت.
نووسینگەی فیدراڵی بۆ پارێزگاری دەستوور لە ئەڵمانیا، پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیای وەک ڕەوتێکی توندڕەو کە هەڕەشە لە دیموکراسی دەکات، ناساند، ئەو پارتەی دووەم زۆرترین دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەڵمانیای لە شوباتی ڕابردوو بەدەست هێنا.