له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای ناوخۆییەوە‌ گه‌نمی جووتیاران ده‌كڕدرێته‌وه‌

چیتر هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ هاورده‌كردنی دانەوێڵە نابێت

K24- هه‌ولێر:

لە رێگەی چەند کۆمپانیاییەکەوە پڕۆژەی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران جێبەجێ دەکرێت، بەو ئامانجەی سوود لە بەرھەمی ناوخۆ وەربگیرێت بۆ بە پیشە سازی کردنی و لە رێگەی ئەو گەنمەوە سەرجەم ئەو بەرھەمانە دروست دەکرێن، کە لە گەنم بەرھەم دەھێندرێن.

له‌م باره‌شه‌وه‌ حوسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە داوه‌ و لە ماوەیەکی نزیکدا گرێبەستەکە واژۆ دەکرێت.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکەی بەجۆرێك داناوە، كه‌ بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ جووتیاران جێبەجێ دەکرێت و بە دەیان کارگە لە سه‌رجه‌م پارێزگاكانی كوردستان دروست دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی بە ھەزارەن ھەلی کار دەڕەخسێندرێت.

هاوكات فه‌تحی محه‌مه‌د، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی دەڵێ: خاكی كوردستان بە پیتە، ئەوەیش دەرفەتێكی باشە بۆ بە پیشەسازی كردنی ئەو بەرھەمانەی كە لەگەنم دروست دەكرێن.

پڕۆژەی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بونیادنانی ژێرخانی پیشەسازی و پاراستنی ئاسایشی خۆرك له‌ ھەرێمی کوردستان .

بەگوێرەی پڕۆژەکە، ساڵانە  ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران دەکردرێتەوە لە بەرامبەردا ئەو بەرھەمانەی لێ دروست دەکرێن، کە لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن، وەك: ساوار، بڕوێش، ئاردی سپی، سریلاك و گەنمە کوتا.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی پڕۆژەکەش ئەو بەرھەمانەی کە دروست دەکرێن ھاوردە کردنیان قەدەغە دەکرێت.

H.B