پوتن لە یادی 80 ساڵەی سەرکەوتن: کۆتاییمان بە نازیەت هێنا

ڤلادێمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا
ڤلادێمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە مەراسیمی یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی سۆڤێتی جاران بەسەر ئەڵمانیادا بە ئامادەبوونی سەرۆکی 20 وڵاتی جیهان و لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆی پایتەخت گوتی: بە هاوبەشیی وڵاتان، بەسەر ئەڵمانیادا سەرکەوتین، سەری ڕێز بۆ ئەوانە دادەنوێنین کە گیانی خۆیان لەپێناو سەرکەوتن و ئاشتی بەخشی، ئێمەشیان فێرکرد چۆن بەرگریی لە نیشتمان و بەرژەوەندییەکانمان بکەین.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە مەراسیمی یادی 80 ساڵەی سەرکەوتن بەسەر ئەڵمانیادا لەبەردەم نمایشی سەربازیی سووپای وڵاتەکەی و چەند یەکەیەکی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانی لە جەنگی دووەمی جیهان گوتی: ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە مێژووی سەربازەکانی یەکێتی سۆڤێتی جاران و سەرکەوتنە مەزنەکەیان بکەین کە هاووڵاتییان و نەتەوە جیاوازەکان بەشدارییان تێدا کرد، دەڵێت: ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە دەوەستینەوە کە هەوڵی شێواندنی ئەو مێژووە دەدەن.

پوتن لە مەراسیمەکەدا داوای خوولەکێک بێدەنگی کرد وەک ڕێزگرتن لەوانەی گیانی خۆیان لەپێناو ئازادی میللەتەکەیان بەخشی، دواتر گوتی: نزیکەی سەدا 80ـی دانیشتووانی جیهان بەشداریی جەنگی دووەمی جیهانیان کرد، ئاماژەی بە سەرکەوتنی گەورەی سۆڤێتی جاران کرد بەسەر ئەڵمانیدا لە جەنگی دووەمی جیهان بە هاوبەشی چەند وڵاتێک، لەوانەش چین، سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی کرد کە لەو جەنگەدا لەگەڵ سۆڤێتی جاران بوون.