حكومه‌تی هه‌رێم ھەموو جۆرە لێخۆشبوونێكی لە باج ھەڵوەشانده‌وه‌

چاوپۆشی له‌ ھیچ کەس و لایەنێك ناكرێت

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێك ھەموو جۆرە لێخۆشبوونێكی لە باج ھەڵوەشاندەوە و له‌مه‌ودوا دەبێت ھەموو کۆمپانیاکان بە یەکسانی باج بە حکومەت بدەن، چاوپۆشی له‌ ھیچ کەس و لایەنێکیش ناكرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ نزار مه‌لا غه‌فار، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: پێشتر لێخۆشبوون لە باج ھەبووە، بەڵام لەم کابینەیە سیستەمی باج رێکخراوەتەوە و دەبێت كۆمپانیاكان بە یەكسانی باج بە حكومەتی ھەرێمی كوردستان بدەن.

پێشتر چەندین کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان، لێخۆشبوونیان لە باج بۆ کراوە، بەڵام ھەموو ئەو لێخۆشبوونانە ھەڵوەشێنرانه‌وه‌، جگە لەوانە نەبێت کە خزمەتی گشتیی دەکەن، نەك کەس و کۆمپانیای تایبەتی، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی داھات و حکومەت دەتوانێت وەکو وڵاتان پشت بە داھاتەکەی ببەستێت.

رێکخستنەوەی سیستەمی باج لە ھەرێمی کوردستان، بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازیدایه‌، به‌ ماوه‌ی کەمتر لە ساڵێك لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، توانرا بە رێژەیەکی بەرچاو کەرتەکە رێکبخرێتەوە، لەو رووەشەوە پارێزبەندی ھیچ کۆمپانیایەك ناگرێتەوە و بە یەکسانی ساڵانە باجیان لێوەردەگیرێت و دەچێتە خەزێنەی گشتی.

H.B