بێسێنت: بەهۆی گەمارۆکانمانەوە کڕینی نەوتی ئێرانی لەلایەن چینەوە 40% کەمی کردووە

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە رێگەی گەمارۆ ئابوورییە چڕەکانەوە کە بە "تووڕەیی ئابووری" ناوی برد، گورزێکی قورسی لە دارایی تاران داوە؛ ئاشکرای کرد، زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلاری سەر بە سوپای پاسدارانیان سڕ کردووە و موڵک و سامانەکانی رێبەری باڵای ئێرانیش لە جیهاندا لە ژێر چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکاندایە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بزنس رایگەیاند، واشنتن دوای تێکدانی بەشێکی زۆری تواناکانی ئێران بۆ دووبارە خۆ بنیاتنانەوە، چووەتە قۆناخی تووڕەیی ئابووری کە بریتییە لە سەپاندنی گەمارۆ و بلۆککردنی دارایی چڕ لە لایەن وەزارەتی گەنجینەوە.

سکۆت بێسێنت ئاشکرای کرد، وەزارەتەکەی چاودێری سەرجەم هەژمارە داراییەکانی ئێران لە جیهاندا دەکات، و لەم دواییانەشدا جزدانی ئەلیکترۆنیی دراوی دیجیتاڵیی (Crypto Wallet) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان سڕ کردووە کە بەهای 130 ملیۆن دۆلار بووە؛ گوتیشی: "ئێمە بەرپرسی دارایی رێبەری باڵای ئێرانمان دۆزیوەتەوە و چاودێری موڵکەکانی دەکەین لە جیهاندا، کە بەهاکەیان لە 100 ملیۆن دۆلار زیاترە و بەم زووانە ناونیشانی ئەو موڵکانە ئاشکرا دەکەین."

بە گوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەم رێکارانە بوونەتە هۆی داڕمانی توندی دراوی نیشتمانیی ئێران بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و رێژەی هەڵاوسانیش لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 180%. هەروەها بێسێنت ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەم گەمارۆیانە و بەرزیی نرخەکانەوە، وڵاتی چین کڕینی نەوتی خاوی ئێرانی بە رێژەی 40% کەم کردووەتەوە، کە ئەمەش فشارێکی دارایی راستەوخۆی لەسەر تاران دروستکردووە.

بێسێنت جەختی کردەوە، گەمارۆدانی دەریایی و دارایی، سەرەڕای زیانە داراییەکان، کاریگەرییەکی دەروونیی گەورەی هەیە و ئێرانی لە تەواوی جیهان دابڕیوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا توانای پێویستی هەیە بۆ رێگریکردن لە کەشتیگەلی سێبەری ئێران لە ئاوەکانی زەریای هێمن دا.