
عارف ڕوشدی
نووسەر
دیپلۆماسییەتی درەوشاوە

سەردانی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵا بۆ واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، لە کاتێکی پێویست و هەستیاردایە. لە کاتێکدایە، ئەمەریکا زلهێزی خاوەن هەژمونی جیهانی، شێواز و هێڵەکانی سیاسەتەکەی ڕوشن کردووەتەوە کە خۆی لە دوو ئاراستەی سەرەکیدا دەبینێت:
یەکەم: سەپاندنی ئاشتی لە ڕێگای نیشاندانی هێزەوە.
دووەم: پێکانی ئامانجەسیاسییەکان لە دەروازەی بەرژەوەندیی ئابوورییەوە.
لە چوارچێوەی پیادەکردنی ئەم دیدگایانەدا، بەبانگهێشتی فەرمی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکایان کردووە. کارنامەی سەردانەکە ڕەهەندی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لە خۆ دەگرێت.
لە بواری ئابووریدا، وەک ئاشکرایە دوو گرێبەستی گەورە بە بەهای 110 ملیار دۆلاری لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێسترین زاگرۆس)دا، لە پێناوی بەرهەمهێنانی غاز و نەوت لە هەردوو کێڵگەی (میران و تۆپخانە-کوردەمیرن) ئیمزا کران. لەو ڕێگایەشەوە پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵکشانی بەهێزتر و سەقامگیرتر دەچێت. هەروەها سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی وزە دابین دەکات لە بواری بەرهەمهێنانی ئاستێکی باڵای کارەبا و کاریگەری چۆنایەتی دەبێت لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پرۆژەی (ڕووناکی)دا و، بەدیهێنانی خواستی بونیاتنانی سیستەمی دابەشکردنی غازی ماڵان لە لایەکی دیکەوە، شان بە شانی ڕەخساندنی هەزاران هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
لە ڕوی سیاسییەوە، هەوڵەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوتەریبی ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمن، بۆیە حکوومەتی بەغدا ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە کونگرێسی وڵاتەکەی، بە ڕوونی و ئاشکرا پەسنی هەبوونی هەرێمی کوردستانی کرد وەک ( قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمی) و بە مەرجی سەرەکیی ئەمریکای ناساند لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، مافی ڕەوای هەرێمی کوردستانە پەرە بە پەیوەندییە ئابورییەکانی بدات لەپێناوی خۆشگوزەرانی گەلەکەیدا. ئەم هەڵوێستانە بەرهەمی کردەوەی هەنووکەیی نین، بەڵکوو دەرەنجامی کارێکی وردی درێژخایەن و لێزانین و دیپلۆماسییەتی درەوشاوەی بەڕێز مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.