هەفتەی داهاتوو کۆنفرانسی هاوبەشی بزووتنەوەی گۆڕان بە بەشداری هەردوو باڵی ناکۆک بەڕێوە دەچێت

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

هەفتەی داهاتوو سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی گۆڕان بە بەشداری هەردوو باڵی ناکۆکی بزووتنەوەکە بەڕێوە دەچێت. ئەم جارە، کۆمیسیۆن پابەندی ڕێژەی ئامادەبووان نابێت. 

سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 24-05-2025، هەردوو باڵی بزووتنەوەی گۆڕان (باڵی کوردسات و باڵی گردی زەرگەتە) سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە، لە هۆڵی ئاشتی لە شاری سلێمانی، بەڕێوە دەبەن.

05ـی نیسانی ئەمساڵ باڵی گردی زەرگەتە، کۆنفرانسێکی کرد و 26ـی نیسانیش باڵی کوردساتیش دانەیەکی دیکەی کرد، بەڵام یەکێکیان بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پەسەند نەکران. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە کۆنفرانسەکەدا، پەیڕەوی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان هەموار دەکرێتەوە تا لەگەڵ یاسای حزبە سیاسییەکان بگونجێت. هاوکات هەڵبژاردن بۆ جڤاتی نیشتمانی و ڕێکخەری گشتی دەکرێت. 

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆنفرانسی ئەمجارەدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پابەندی ڕێژەی ئامادەبووان نابێت؛ بەڵکوو هەر ژمارەیەک لەو ئەندامانەی لە 2017ـەوە ناویان لە کۆمیسیۆن تۆمار کراوە، بەشدارببن، بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردن دەکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment