دروستکردنی دوو دەوڵەت دەبێتە پرۆژەی فەرەنسییەکان و سێ وڵاتی عەرەبی

لە پاریس، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، سعوودیە، میسر، ئوردن بە نهێنی و دوور لە چاوی کامیرای ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەوە، بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکانیان و ئامادەکاریی بۆ لوتکەی نێودەوڵەتیی لەبارەی دروستکردنی دوو دەوڵەت کە بڕیارە 17 بۆ 20ـی حوزەیران بە سەرپەرشتیی فەرەنسا و سعوودیە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەمەریکا ڕێک بخرێت.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی ئاشکرای کردووە، کۆبوونەوەی هاوبەشی فەرەنسا و سعوودیە و ئوردن و میسر، تیشکی خستووەتە سەر پرسی دروستکردنی دوو دەوڵەت و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین. ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو جموجووڵە سیاسییە لەگەڵ ڕووداوەکانی غەززە دروست بوون، لەگەڵ هەموو ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئیسرائیل کە قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە دروست کردووە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆئێل بارۆ، دوێنێ هەینی، میوانداریی هاوتاکانی لە سعودیە، ئوردن و میسر کرد بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بۆ لوتکەیەک سەبارەت بە دروستکردنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین، بکەن،  شاندی وڵاتانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە پێک هاتبوون لە وەزیری دەرەوەی سعوودیە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفادی و وەزیری دەرەوەی میسر بەدر عەبدولعاتی.

 ئان کلێر لێجندر، ڕاوێژکاری سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی هەینی لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاریدا بۆ کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی شەڕی غەززە و فراوانبوونی پرۆسەی نیشتەجێکردن لە کەناری ڕۆژئاوا، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسیدا.

ئان کلێر هەروەها گوتی: دەبێت لوتکەی مانگی حوزەیران هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بێت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی دروستکردنی دوو دەوڵەت. گوتیشی: دەبێت لەو لوتکەیەدا دەست بەکردار بکەین بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.