لە گوندێکی هەولێر، پیاوێک بە ئۆتۆمبێل لێی دەدرێت و بە گوللـە دەکوژرێت

بەشێکی رووداوەکە لە کامێرای چاودێری تۆمار کراوە

K24 - هەولێر

لە گوندێکی هەولێر بەهۆی کێشەی زەویوزار، پیاوێک بە ئۆتۆمبێل لێی دەدرێت و بە گوللـە دەکوژرێت، ساتی لێدانی بە ئۆتۆمبێل لە کامێرای چاودێری تۆمارکراوە.

رووداوەکە شەوی رابردوو (19-8-2020) لە گوندی سۆرخان لەبەردەم ماڵی موختاری گوندەکە روویداوە، موختارەکەش لەڕێگەی کوردستان24 ئەوەی بە چاوی خۆی بینیویەتی و بیستوویەتی، دەگێڕێتەوە.

سەرەتای کێشەکە

عەزیز عوسمان، ئەو پیاوەی شەوی رابردوو کوژرا، خاوەنی 20 دۆنم زەوییە لە گوندی دهێماتی دەشتی شەمامک لە هەولێر، لەگەڵ بنەماڵەی سالم "بکوژ" چەند ساڵێکە کێشەیان هەیە لەسەر زەویوزار.

خێزانی سالم خەڵکی گوندی رەشکینن و 20 دۆنم زەوییان لە بنەماڵەی عەزیز کڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام بەنێو زەویی یەکدیدا هاتووچۆیان کردووە، هەمیشە لەگەڵ عەزیز کێشەیان هەبووە و، عەزیز پێشتر سکاڵای لەدژیان تۆمارکردووە.

چەند ساتێک پێش رووداوەکە

عەزیز، گەنمەشامیی لە زەویی خۆی چاندووە، شەوی رابردوو (کاتژمێر 10:30) چووە ئەو مەکینەیە بکوژێنێتەوە، کە گەنمەشامییەکەی پێ ئاوداوە، بەڵام لەڕێگا لەگەڵ سەرکەوت، کوڕی سالم بووەتە دەمەقاڵێ و شەڕ، دوای ئەوەی پەلاماری یەکدییان داوە، عەزیز گوللـەیەکی لە قاچی سەرکەوت داوە و، بۆ پاراستنی گیانی خۆی رایکردووەتەوە گوندەکەی خۆیان.

لەبەردەم ماڵی موختار چی روویدا؟

موخڵیس محەمەد، موختاری گوندی سۆرخان، کە بەشێکی رووداوەکە لەبەردەم ماڵی ئەو روویداوە. لەڕێگەی کوردستان24 ئەوەی بە چاوی خۆی بینیویەتی و بیستوویەتی، دەگێڕێتەوە.

موخڵیس دەڵێ عەزیز گەیشتە بەر دەرگای ماڵەکەم، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆز بوو، نەمبینی چی روویدا، لە راستیدا ترساین، وامانزانی رووداوەکە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە و بەسەریاندا داوین.

لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، کاتێک عەزیز لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە دەرەوە و، بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە لێی دەدرێت.

موختاری گوندەکە، باس لەوە دەکات، بەهۆی تەپوتۆز سەرەتا هیچی نەبینیوە، بەڵام دەڵێ گوێم لە سالم بوو کاتێک گوتی "لێی بگەڕێ با بمرێ".

موخڵیس، باس لەوە دەکات، ماوەیەکە دایکی هێناوەتە ماڵی خۆی، بۆ ئەوەی لە کۆرۆنا بەدووربێت، بەڵام رووداوەکە هەمووانی ترساندووە، بۆیە نەیتوانیوە لەگەڵ عەزیز بچێتە نەخۆشخانە، ئاماژە بەوەش دەکات دوو گەنجی گوندەکەی راسپاردووە تاوەکو بیبەنە نەخۆشخانە.

کامێرای چاودێری

لە کامێرای چاودێریی دەردەکەوێت، عەزیز بە ئۆتۆمبێلی تاکسیی جۆری کۆرۆلا خۆی دەگەیەنێتە بەردەم ماڵی موختار، دەرگای ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بچێتە ماڵەکە، بەڵام ئەوان بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئاپ هایلۆکس لێی دەدەن.

لە نەخۆشخانە چی ئاشکرا بوو؟

بەگوتەی موختاری گوندەکە، عەزیز لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، دواتر ئەوان زانیویانە کە ئەو بە گوللـە بریندار بووە و هۆکاری گیانلەدەستدانەکەشی هەمان گوللـە بووە، کە بە ژێرباڵی چەپی کەوتووە.

موخلیس دەڵێ "من نەمبینی کێ گوللـەی لێداوە، بەڵام پێدەچوو لەڕێگا، کاتێک عەزیز بەرەو ماڵی ئێمە رایکردووە بە گوللـە راویان نابێت، لە راستیشدا نازانم لەبەردەم ماڵی من، یان لەسەر رێگا گوللـەکەی بەرکەوتووە".

هەڵاتن

دوای رووداوەکە، خێزانی سالم، گوندەکەیان جێهێشتووە و هەڵاتوون، بەگوتەی شڤان حەسەن، کەسوکاری عەزیز "لەدوای رووداوەکە، ئەو خێزانە هەڵاتوون و ئێستاش سێ کەس لە خێزانی سالم دەستگیرکراون".

عەزیز عوسمان، خێزاندار بووە و چوار منداڵی هەیە، کوڕی گەورەی تەمەنی 12 ساڵە. لە شەوی رابردووەوە تەرمەکەی لە پزیشکی دادی بووە و کەمێک پێش ئێستا رادەستی خێزانەکەی کرایەوە و بەخاک سپێردرا.