ئاراس سەعید
نووسەر
زیهنیەتی فاشیزم، لە بەعسەوە تا عێراقی ئەمڕۆ
لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، میشێل ئەفلەق باوەگەورەی هزری بەعسیان و ئەوکەسەی بناغەی تیۆری حزبی بەعسی فاشیزمی سووریی و عێراقی دامەزراندووە دەیگوت: "کەس ڕێ لە کوردەکان ناگرێت زمانی خۆیان فێرببن، بەمەرجێک سەر بۆ دەستوورەکانی دەوڵەت شۆڕبکەن و مەترسییەک دروست نەکەن بۆ دەوڵەت."
ئەوەی میشێل عەفلەقی، باوەگەورەی بەعسییان دەیگوت، بە ڕوونی نیشانەی ڕەوشتی دیکتاتۆری بوو کە کوردەکان تەنیا بەمەرجی ملکەچبوون بۆ دەسەڵات (ڕێگەپێدراو)ن زمانی خۆیان بەکار بهێنن. ئەمە پێی دەگوترێت جۆرێک لە بەخشینی میهرەبانی لە بەرامبەر پێدانی مافی سروشتی، چونکە زمان مافێکی سەرەتایی مرۆڤە، نەک پاداشتێک بۆ ملکەچبوون. ئەوەی عەفلەق دەیگوت، بەواتای ئەوە دێت کە دەوڵەت خاوەنی مافەکانە، نەک ئەو کەسانەی کە ئەو مافانەیان هەیە. لە کاتێکدا ماف ئافەریدەكار بەخشیویەتی، بۆ دەبێت دەوڵەت پێمی بدات؟
لە بنەمادا، دەقی دەستوور دەبێت لە هەموو نەتەوەکان بپارێزێت، نەک تەنها لە نەتەوەی حاکم، مەترسیی بۆ سەر دەوڵەت بەکارهێنانی زمانی دایک نییە، بەڵکوو نەهێشتنی بەکارهێنانی ئەو زمانە مەترسییە کە دەبێتە ئامڕازی بەرەنگاری و داکۆکیکردن لە شوناس و مافەکانی. وە هەر داواکارییەک بۆ مافی نەتەوایەتی، وەک هەڕەشەیەک بۆ یەکپارچەیی دەوڵەت دەبینرێت. ئەمە مەترسییەکەیە عەفلەق باسی دەکرد، کوردەکان لەوکاتەدا دەبنە مەترسیی بۆسەر دەوڵەت، داکۆکی لەمافەکانیان دەکەن.
ئەم بیرکردنەوەیە بووە ئایدۆلۆجیای دەوڵەتی عێراق، کە بەرهەمی زیهنیەتێکی فاشیزم و تۆتالیتار بوو دەیویست نەتەوەی عەرەب وەک تاکە نەتەوەی (شیاو) بۆ حوکمڕانی پێناسە بکات. لەسایەی ئەم بیرکردنەوەیەوەدا دەبوو کوردەکان و هەموو نەتەوەکانی دیکە (بێ ماف) یان وەک (هاووڵاتیانی پلە دوو) بژین.
مێژووی دەوڵەتی عێراق، مێژوویی کابوسێکی ترسناکە، کە سیاسەتە نا مرۆییەکانی پڕاو پڕە لە تراژیدیا و زەبر و زەنگ و تووندوتیژی و پیادەکردنی سیاسەتی خوێناوی بەرانبەر نەتەوە و گرووپ و کەمینەکان. سەدەی ڕابردوو شایەتی سیاسەتی وێرانکردن و قڕکردن و جینۆسایدکردنی گشتیی گەلی کوردە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو هزرەی مرۆ دادەماڵێت لە هەموو ماف و ئیمتیازیاتە سیاسییەکانی.
خانمە فەیلەسووفی ئاڵمانی، (هانا ئارێنت) لە کتێبی (ڕەگەزەکانی تۆتالیتاریزم) بەقووڵی سەرنج دەخاتە سەر پرسی مەترسییەکانی دەوڵەتی مۆدێرن و بە ئەنیماڵیزەکردن و بێماف کردنی مرۆ. بەدیدی ئەو، بەرلەوەی دەوڵەت ژیانی ئەتنییەت و گرووپە دیینییە جیاوازەکانی ناو هەناوی خۆی لەناو بەرێت، پێویستە شەرعییەت بۆ سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن بەدەست بهێنێت. بۆیە، پەنا دەباتە بەر بەیاسا بۆ بە ئەنیماڵیزەکردن و بێمافکردن و بە نامرۆ کردنیان وەکوو گرووپێکی بێماف و ڕووتیان دەکاتەوە لە هەر میکانیزمێکی یاسایی بۆ پاراستنی ژیانیان. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو گرووپانەی دەکەونە دەرەوەی کاستەوە و بەخاوەنی ماف دانانرێن. ئارێنت دبێژێت:"نازییەکان تەنها ئەوکاتە توانیان جووەکان لە فڕنی غاز و کەمپە زۆرەملییەکاندا بکوژن، کە پێشووتر توانیان مافی ئینسانبوونیان لێ وەربگرنەوە."
دوان لەسەر ئەم پرسە دەمانباتەوە بۆ کێشەیەک لە بنەمادا کێشەیەکی قووڵی فەلسەفەیی سیاسی و یاساییە. بەو مانایەی ئەگەر یاسایەک هەیە بۆ ڕێکخستنی ژیان و پاراستنی مرۆڤ، چۆن ئینسان بە حوکمی ڕیسا و جۆرە بەکارهێنانی تاییبەتی یاساکان گۆڕاوە بۆ بوونەوەرێکی بێبەش لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی. بونەوەرێک وەکوو مەخولقێکی ڕووت کە تەنها ژیانێکی پەتی هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ چەترێکی قانوونی ژیانی بپارێزێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێویستە بگەڕیینەوە بۆ تێزەکەی فەیلەسووفی بەناوبانگی ئیتاڵی (جۆرجیۆ ئاگامبێن) کە یەكێكە لە دیاریترین فیگۆری مشتومڕسازی کایەی ئەكادیمیی، کە کارەکانی تەنها لە سنوورەكانی ئەكادیمیا نامێنێتەوە و لە دەرەوەى ئەم سنوورانەوە و ناوبانگێکی جیهانی هەیە. ئەویش بەهۆى بەشداریكردنی لە زنجیرە كتێبی (هۆمۆ ساكەردا:1990). لە بنەمادا تێزەکەی (ئاگامبێن) لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوانە لەو پارادایمانەی کە بناغەی دەوڵەتی مۆدێرن و ئایدیای یاساکان و حاکمیەتی بیۆ_پۆلەتیکی لەسەر دامەزراوە و گرفتسازییەکانی نێو سیستەمی یاسایی دەوڵەتی مۆدێرنە دەستنیشان دەکات و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و سیستەمی دیمۆکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر چی (هانا ئارێنت) لە وتارێکدا بەناوی (ئێمەی پەنابەر:1943) و هەریەک لەبەشەکانی کتێبی (ڕەگەزەکانی تۆتالیتاریزم) بەقووڵی سەرەنجی خستووەتە سەر قڕکردنی جووەکان وەکوو بووەیەکی بێماف و دەرەکولتوور. ئاگامبێن بەسەرەنج خستنەسەر تێزەکەی ئارێنت ڕیشەی ئەو کێشەیە دەباتەوە بۆ مێژووییەکی دوورتر.
ئاگامبێن بۆ ڕوونکردنەوەی تێزەکەی کەڵک لە چیرۆکەکەی (کافکا)، (پیاوێک لە گوندەوە) وەردەگرێت. چیرۆکی پیاوێک کە لە شوێنێکی دوورەوە دێت و لەبەردەرگایەکدا دەوەستێت و دەیەوێت بچێتە ژوورەوە بۆ بەردەمی یاسا، بەڵام ساڵەهای ساڵ چاوەڕوان دەکات و ناکرێتە ژوورێ، تا لەوێدا پیر دەبێت و دەمرێت. لای ئاگامبێن، ئەو ئینسانەی لە دەرگاکەدا دەچێتە ژوورەوە، ئینسانێکە ژیانێکی یاسایی هەیە و لە ژێر چەتری یاسادا پارێزراوە و بەپێچەوانەوە دۆخی ژیانی ڕووت، دۆخی هەرکەسێکە یاسا قبووڵی ناکات و وەکوو بونەوەرێکی (دەرەیاسا/ الخارجون عن قانون) تەماشا دەکرێن.
ئەمە مەسەلەی سالارێتی دەخاتەوە بەر باس، مەسەلەی سالار، مەسەلەی بەدەستهێنانی شەرعییەتە، کە بنەمایی سەرەکیی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکە بۆ پاساودانی بڕیارەکانی.
(کارڵ شمیت) فەیلەسووف و تیۆریستی ئاڵمانی لە پەرتووکی (تیۆلۆژیایی سیاسەت)دا، دەبێژێت: "سالار و خاوەن دەسەڵات ئەوکەسەیە، دەتوانێت یاسا بکاتە پاساو بۆ بڕیارەکانی". ئەوەی لە مەسەلەی سالارێتی و دەسەڵاتدا گرنگە، ئەوە نییە سالار لە چوارچێوەی سروشتی یاسادا بجوڵێتەوە، بەڵکوو دەسەڵات ئەو مافە دەداتە خۆی لە یاسا دەربچێت و دۆخی نائاسایی ڕابگەیەنێت و بە یاسا ڕەفتارە نایاساییەکانی خۆی پاساو بدات. جەوهەر و مانا دەلالییە قووڵەکانی دەسەڵات لێرەدا ئاشکرا دەبێت، کە دەسەڵات هەم توانایی دەرچوون لەیاسایی هەیە و بە یاسا پاساوی دەرچوونەکانی دەدات و هەم ئەو مافەش لەوانی دیکە دەسێنێتەوە.
سالار ئەو کەسەیە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە کێی زیادەیەکی نایاساییە و بۆ ئەوەش پێویستی بەوە نییە هەق بێت یان ناهەق، چونکە بە یاسا پاساوی ڕەفتارەکانی دەدات. لای شمیت، سالارێتی و دەسەڵات ئەوە نییە هێز لە دەستی خۆتدا مۆنۆپۆڵ بکەیت، بەڵکوو ئەوەیە مافی بڕیاردان مۆنۆپۆڵ بکەیت. مافی پێشێلکردنی ئەو یاسایانەی ئەوانیدیکە بۆیان نییە پێشیلیان بکەن.
بەپێی ئاگامبێن، لەم باردۆخەدا سالار بۆ شایییەکی ترسانک بەجێ دەهێڵێت. یاسا تەنیا ئەو کاتە هەستی پێ دەکرێت کە خۆی دەکشێنێتەوە و بۆشاییەک دروست دەکات و هەرێمێکی دەرەیاسایی دەخولقێنێت، خولقاندنی دۆخێکی نایاسایی وەکوو دۆخی خۆحەرامکردن و خۆشاردنەوەی یاسا. لەم بارەیەوە(ئاگامبێن) دەبێژێت:" لەکاتی کشانەوەی یاسادا، دوو هەرێم دروست دەبێت. هەرێمی سیاسەت و هەرێمی ژیانی ڕووت، تەنها ژیان." هەرێمێک تێدا لە ژێر چەتری یاسادا پارێزراوە و هەرێمێک تێدا یاسا خۆی دەشارێتەوە و بوونەوەرەکانی دەبنە بوونەوەری بێماف و دەرەیاسا و دەرە کولتوور.
گەر بڕوانینە مێژووی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی مۆدێرن و دەسەڵات وەرگرتنی ڕژێمی بەعسی فاشیزمدا، وەکوو مرۆڤی بێماف داماڵێندرابوو لە هەموو مافە ئینسانییەکانی ناو یەکە سیاسییەکە، گەلی کورد وەکوو نەتەوەیەک نە لەژێر چەتری یاسادا پارێزراوبوون نە کوشتنیان سزایەکی لەسەر بوو. شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و قڕکردنی فەیلییەکان نموونەیەکن نە یاساکانی مافی مرۆڤ و نە یاسا ئیلاهییەکان ڕێگربوون لە قڕکردنی گەلی کورد، چونکە فڕێدرابوونە دەرەوەی هەرێمی (یاسا)وە و ڕووتکرابوونەوە لە هەموو مافێکی یاسایی و سیاسی.
زیهنیەتی فاشیزم، لە بەعسەوە بۆ عێراقی ئەمڕۆ
هەمان ئەو زیهنیەتە بەعسییەی کە ئەفلەق دایمەزراند و سەدام جێبەجێی کرد، ئەمڕۆش لە عێراقدا بەردەوامە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز. حکوومەتی بەغداد ئەمڕۆ بە هەمان ئامانجی میشێل ئەفلەق کار دەکات، گەڕاندنەوەی کورد بۆ دۆخی "ملکەچوونی تەواو" یان "بێمافکردن بە ئامڕازی یاسایی".
وەک چۆن ئەفلەق مافی زمانی بە "بە سەرشۆڕبوونەوە" گرێ دەدا، ئێستاش مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان (کە مافێکی دەستوورییە) بە شەرتە سیاسییەکانەوە گرێ دەدرێت. یاسا وەک بیانوو بۆ پاساودانی بڕینی مووچەی کوردستان بەکاردەهێندرێت، لەجیاتی ئەوەی ڕاشکاوانە دەربارەی دوژمنایەتی لەگەڵ کورد بدوێن، ئێستا دەڵێن "ئەمە بڕیاری دادگایە" یان "ئەمە بەپێی یاسایە". هەروەها کورد تاوانبار دەکرێن کە "یاسا پێشێل دەکات" یان ڕێز لە دەستوور ناگرن. ئەمە ڕێک دۆخی سالارێتییە، تێدا مافی بڕیاردان مۆنۆپۆڵ بکەیت. مافی پێشێلکردنی ئەو یاسایانەت هەبێت کە ئەوانیدیکە بۆیان نییە پێشیلیان بکەن.
فاشیزمی ئەمڕۆ زیرەکترە لە ڕابردوو، چونکە لەژێر ناوی "یاسا" و "دەستوور" خۆی دادەپۆشێت. بەڵام ئامانجەکەی هەمان ئامانجی میشێل ئەفلەق و سەدامە: کردنی کورد بە "هاوڵاتیی پلەی دوو" کە تەنها بە شەرتی ملکەچبوونی تەواو مافی بژێویان پێ دەدات. ئەوەتا طەیف سامی ئیمزا لەسەر سەرفکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دەکات، وەلێ مووچەخۆرانی کوردستان بێبەش دەکات.
کاتێک قەیس خەزعەلی، دەڵێت: "کورد بیر لەسەر بەخۆی و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور دەکاتەوە" ئەو بە ڕوونی ئەو زیهنیەتە فاشیزمانە دەردەبڕێت کە پێی وایە کورد مافی خۆبڕیاردان و خۆپشتبەستوویی نییە. ئەم قسەیە ڕاستەوخۆ گەڕانەوەیەکە بۆ فیکری میشێل ئەفلەق کە دەیگوت کورد "نابێت مەترسی بۆ دەوڵەت دروست بکات". ئەمە ئەو دەربڕینە فاشیزمەیە لە میشێل ئەفلەقەوە دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆش لە هزری عێراق و زمانی قەیس خەزعەلیدا ئاخێوراوەتەوە.
من لەمێژە نووسیومە بۆ ئەوەی شوناسی ڕاستەقینەی سیستەمی سیاسیی عێراق بناسین، دەبێت بەقووڵی لەوە تێ بگەین، کە فاشیزم ژێرخانی نێهنیی هەموو سەردەمەکەیە و لە هەموو قۆناغێکدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە فاشیزم دەبینەوە، لە فۆڕم و ناوەڕۆکی جیاوازدا. لە عێراقی نوێدا بەردەوام ڕووخسارە سیاسییەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئەوەی نەگۆڕ و ئەبەدییە، شوناسە ڕاستەقینەکەی سیستەمی سیاسییە. بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی دەگۆڕێت ماسکەکانی ئەو سیستەمە ترسناکەن لەژێر ناوی دیموکراسیدا خۆی حەشار داوە.لە عێراق هەڵبژاردن دەکرێت، ڕووخساری سیاسییەکان دەگۆڕێت، وەلێ ئەوەی ناگۆڕێت ئەو سیاسەتە فاشیزمەیە دژ بە بوونی کوردی، زمانی کوردی، شوناسی کوردی و دژ بە مافی نەتەوەی کورد کار دەکات و هەمیشە ئەمە بە ڕوونی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکوومەتی عێراقدا بەدی دەکەین. دبێژن، فێڵی ئەهریمەن ئەوەیە، باوەڕ بەوە بکەین کە ئەهریمەن نییە.
لە عێراقدا ئەوەی هەیە و ئەبەدی و نەگۆڕە، ڕووی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمە ترسناکەیە كە لەپشت ماسکەکاندا ڕووخساری خۆی شاردووەتەوە. بەڵام سەیرە کەسانێک هەن لە سیاسی و ڕۆشنبیران و خوێندەوار دەیانەوێت هاونیشتمانیانی کوردستان لەو ڕاستییە ترسانەکە چەواشە بکەن.
مایەی داخە کۆمەڵێک میدیا و پەرلەمانتار و حزبی ئۆپۆزسیۆن و کۆمەڵێک بەناو نووسەر و ڕۆشنبیر و بە ئەجێندای ئەو دەوڵەتە فاشیزمە ماشێنێکی گەورەی میدییان بەگەڕ خستووە، بۆ ئەوەی ماسکی ئەو سیستەمە ترسناکە دژە کوردییە نەکەوێت و ڕووخسارە ترسناکەکەی دەرنەکەوێت، تا ئەو باوەڕە لای خەڵقی کوردستان بچێنن هەرچییەک و هەر ڕووداوێک بەسەرماندا دێت، تاوانەکە خودی خۆمانین!