
عارف ڕوشدی
نووسەر
ملکەچانی کوردزمان

ئەو دەستەو تاقمە هەمە ڕەنگەن، داشۆراون لە هەر هەست و نەستێکی نەتەوەیی و ژیاندۆستی ، کارو پیشەیان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی خواستی بێهیوایی و پاساوهێنانەوە بۆ بیرکۆڵی و خۆبەدەستەوەدان و سازشی ئابڕوبەرانە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک لە خودی بەغدای داگیرکەر زیاتر لە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا درێغی ناکەن ، لە کاتێکدا شۆڤینییەکان نایشارنەوە ئەگەر پێیان بکرێت هەرێمەکەمان نابود دەکەن، بەڵام کەسانی داڕووخاوی بەناو سیاسی، شرۆڤەکارو قەڵەم بەدەست، لە هەندێ کەناڵ و پێگەی ئەلیکترۆنییەوە شێلگێڕانە بەدوای ئەوەدا وێڵن، لە هەر سوچ و قوشبنێکدا، بەیت و بالۆرەیەکی سواوی کەسانی دژبەری گەلەکەمان بە دەست بکەوێت، پەنای بۆ دەبەن وەک بەڵگەیەکی هەرزان دید و تێفکرینی نەیارانەیانی پێ دەڕازێننەوە. لە پاڵ ئەوانیشدا گروپگەلێکی هەرزەکاری هیچ لەباردا نەبوو، تەنها فرچکدراوی ڕق و کینە و جنێوفرۆشین، بانگەشە بۆ هەڵوێستی قێزەوەنی فریودەرەکان دەکەن لەهەمان کاتدا بە دەستەواژەی هەر لە خۆیان بوەشێتەوە ، پەلاماری نووسەرە ڕەسەن و سیاسەتمەدارە نیشتیمانپەروەرەکان دەدەن.
ئەو کۆلەوارانە دەبێ لەو ڕاستییە پرشنگدارە بگەن، چۆن لە ڕابردوودا دەسەڵاتدارە هەمە ڕەنگەکانی بەغدای داگیرکەر، لەوەتەی کوردستانیان داگیر کردووە، لەئەنجامی ستەمکارییەکانیاندا، تەنیا تاڵاوی شەرمەزاری و نوشستییان چێشتووە، حکومڕانانی ئەمڕۆی بەغدا و بەندبێژە بەکرێگیراوەکانی زمان کوردیش، هەمان چارەنوس، بەڵکو وێرانتریشان دەبێت .