دژوار فایهق
نووسەر
ئایا هەڵبژاردن لە عێراق دەکرێت ؟!
خەڵکانێک پێیان وایە جارێ دیار نیە لە عێراق هەڵبژاردن دەکرێت یان ناکرێت؟!، چونکە لە ناوچەکە ڕووداوی گەرم ڕوو دەدات، هەندێکیش پێیان وایە هەڵبژاردن دوا ئەکەوێ بۆ ناوەڕاستی ساڵی 2026.
هەندێک کەس و لایەن دەیانەوێ یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆرن،
میکانیزمی دابەشکردنی کورسییەکان وا لێ بکەن 20%ـی کورسییەکان بۆ ئەو لایەنە بێت کە بەرزترین دەنگی هێناوە و 80%ـشی بە گوێرەی سیستەمی سانتلیگۆ دابەش بکرێت .
بە ڕای من دەستکاریی یاسای هەڵبژاردن زۆر قورسە، چونکە لایەنە سیاسییەکان لە ناو پەرلەمان لەسەری ڕێک ناکەون و کاتێکی زۆر دەخایەنێت، ئەمە لەلایەک لەلایەکی تریشەوە ئێستا پەرلەمان لە پشووی وەرزییە تاوەکوو 2025/7/9 کۆ نابێتەوە .
ئەمەش کێشە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دروست دەکات، چونکە کاتی پێویستی لە بەردەست نابێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یاسایەکی نوێ .
بە ڕای من، باشترین یاسای هەڵبژاردن ئەوەیە ببێتە هۆیەک لایەنە سیاسییەکان و قەوارە بچووکەکان یان خەڵکانی بێلایەن و ئەکادیمی بگەنە پەرلەمان بۆ ئەوەی نەخشەی سیاسی ناو پەرلەمان بگۆڕدرێت، پانتایی فرەلایەنی ناو پەرلەمان فراوانتر بێت. باشترین یاسا بۆ هەڵبژاردن لە عێراق ئەوەیە عێراق ببێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن .
ئەمە بۆ هەموو لایەنە سیاسییە بچووک و گەورەکان و کەسایەتیە بێلایەنەکان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق باشە، چونکە کەس دەنگی نافەوتێ لە هەر شوێنێک و سەرانسەری عێراق دەنگدەری هەبێت، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکیش دەگاتە پەرلەمانی عێراق.