سیاسی
د. پەرێز نەجمەددین كەریم
د. پەرێز نەجمەددین كەریم

نووسەر

شەڕی ئیسرائیل و ئێران: هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی

شەڕی ئیسرائیل و ئێران: هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی
شەڕی ئیسرائیل و ئێران: هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى ئيسرائيل بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران و به‌كارهێنانى هێزى سه‌ربازى له‌ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكييه‌كاندا ده‌كات. هەروەها لە ڕایگەیندراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە له‌م كاته‌‌ هه‌ستياره‌دا، ئه‌ركى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تييه‌، كاردانه‌وه‌ى خێرا و به‌په‌له‌ى هه‌بێت.

دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو ئەو کارەیان ئیدانە کرد و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" بۆ سەر تاران ناویان برد و ئەو شەڕەیان بە پێشێلکردنی نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی.

ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی شەڕی دژی ئێران ڕاگەیاند و دەیان شوێنی بۆمباران کرد و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای سەربازی و ئەتۆمی كوشت کرد، لەوانە محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاسداران، حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران و چەندانی دیکە. ئیسرائیل لە ڕێگەی بنیامین ناتانیاهۆ، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هەڵمەتە سەربازییەکە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و ئامانجی کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.

ئێران، ئەمەی بە شەڕێکی كراوە ناساند، بە پێچەوانەی ئەو لێدانە سنووردار و کۆنترۆڵکراوانەی هەردوولا لە ساڵی 2024، ئەمە هەڵسەنگاندنێکی سەرەتاییە بۆ دۆخەکە، بەو پێیەی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرتر بۆ دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە بەردەست نابێت تا بارگرانی و ململانێکان کۆتایی پێدێت.

ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە سەلماندی کە ئاسمانی ئێران بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا کراوەیە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگرییەک و خستنەخوارەوەی هیچ فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی تا ئێستا هەبێت. هێرشەکان زۆربەی ناوچە بەرفراوانەکانی ئێران و دەیان شوێنی سەربازی و ئەتۆمی گرتەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکە تواناکانی بەرگریی ئێرانی پەکخستووە و توانای هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی بۆ درێژەدان بەو هێرشانە بە ئازادییەکی تەواو لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاسانتر کردووە.

دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو ئیدانەی ئەو کارەیان کرد کە بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" بۆ سەر ئێران ناویان برد، هەروەها لێدانەکانی ئیسرائیلیان بە پێشێلکردنی نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی. دەوڵەتانی کەنداو هەوڵیان دەدا ڕێگریی لە پەرەسەندنی دۆخەکە بۆ شەڕ وەک ستراتیژییەکی ئاشتی بۆ سەقامگیری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانیان، بکەن. ئەمڕۆ، ئەوان بە دوای ئەوەدان - لانی کەم - بۆ ئەوەی بتوانن پریشکی ئەم شەڕە نەگاتە لایان، یان شتێکی لەوە توندتر، وەک لێدان لە بنکەکانی ئەمریکا.

ڕەنگە ئەمە یەکەمجار بێت کە ئەمریکا جیابوونەوەی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێک ڕابگەیەنێت. پێشتر ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاندبوو و وەک بەرگریکردن لە خۆی پاساوی بۆ هێنابووەوە. بەڵام ئەمجارەیان لەڕێگەی (مارکۆ ڕوبیو) وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند کە هێرشەکان "یەکلایەنەن"، واشنتۆن دەستی تێدا نییە و خەمی سەرۆک و ئیدارەکەی پاراستنی بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەمریکا نیازی خۆی ڕاگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە گەشتی مەسقەت بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان خۆی و ئێران.

ئەم خۆدوورخستنەوەیە بۆ ئەمریکا هەم وەک ڕاستەقینە و هەم شەرمەزارکەر دەخوێنرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیسرائیل هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پووچەڵکردەوە لەبری ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٨دا. لەڕاستیدا بەشێک لە ئێرانییەکان پێیان وایە ڕاگەیاندنی دانوستانەکان ڕۆژی یەکشەممە بەشێک بووە لە "پلانی خۆدزینەوە"ی ئیسرائیلی-ئەمریکی بۆ دڵنیاکردنەوەی تاران کە ئیسرائیل بەرەنگاری نابێتەوە.

گومانی تێدا نییە کە ڕێژیمی ئێران لە دۆخێکی نالەباردایە. پێشێلکارییە ئەمنییەکان و هێرشە ئاسمانییەکان و هێرشە بەردەوامەکان، هەموو ئەمانە خەریکە ڕژێم لاواز دەکەن و پێکهاتەکەی تێک دەدەن. بۆیە ناچار بووە پەنا بۆ بژاردەی تاڵی شەڕ ببات، ئەگەر لە توانایدا بێت. سەرەتا بە هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستی پێ کردووە و لە ڕێگەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و وەزیری ناوخۆیەوە هەڕەشەی کردووە کە بە وەڵامێکی توند و بێڕەحمانە دەداتەوە.

لێرەدا پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە: ئایا ئێران سیاسەتی "دژی من و دوژمنەکانم و دراوسێکانم" دەگرێتەبەر؟ یان وەڵامدانەوەی خۆی بۆ ئیسرائیل سنووردار دەکات، کە هێرشی کردە سەری، بە تایبەت کە هیچ کام لە دراوسێکانی هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ نەکرد؟ 

هەموو کەسێکی بێباک، تاوانبار، یان تەماحکار دەتوانێت شەڕ بکات، بەڵام ناتوانێت کۆنترۆڵی ڕێڕەوەکەی بکات و بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێت کۆتایی پێ بهێنێت. تاوانباری ئەم شەڕە تۆقێنەرەی نێوان ئێران و ئیسرائیل چۆن دەبێت؟ ئەمەیە کە ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو و ڕەنگە کاتژمێرەکانی داهاتوو ئاشکرای بکەن.