ئاژانسی وزەی ئەتۆم: زیان بە وێستگەی فۆردۆ نەگەیشتووە
ئاژانسی وزەی ئەتۆم ئاشکرای دەکات، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، زیان بە وێستگەی فۆردۆ بۆ پیتاندن و وێستگەی خونداب بۆ ئاوی قورس، نەگەیشتووە.
ئاژانسەکە،دوێنێ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025 ئاماژەی بەوە کردبوو، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران پێیانی ڕاگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی دەرچوونی تیشکدانەوەی یۆرانیۆمی وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان بۆ دەرەوە نییە کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر.
ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند: 4 ژێرخانی وێستگەی ئەتۆمی ئەسفەهان زیانیان بەرکەوتووە، ئەوانیش دامەزراوەی دروستکردنی یۆرانیۆم و دامەزراوەی دروستکردنی پارچەکانی بۆمبی ئەتۆمین.
ئاژانسەکە دەڵێت: دۆخی وێستگەی نەتەنز لەبارەی تیشکدانەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوە، بەهەمان شێوەی دۆخی وێستگەی ئەسفەهانە.
وێستگەی نەتەنز:
بەپێی زانیارییەکان، وێستگەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، لەسەر ڕووبەری 100 هەزار مەتر چوار چوارگۆشە لە قوڵایی 8 مەتر و دەورە دراو بە دیوارێکی ئەستووری 2.5 مەتر و دیوارێکی کۆنکریتی پارێزراوە، سەریشی بە ئەستووریی 22 مەتر بە چیمەنتۆ داپۆشراوە.
وێستگەی بوشەهر:
بڕیارە ئەمساڵ وێستگەکانی ئاوی قورس کە ڕووسیا دروستی کردووە دەست بە کارەکانی بکات، دەتوانێت پلۆتۆنیۆم بەرهەم بهێنێت کە بۆ مەبەستی ئەتۆمی بەکار دەهێنرێت.
وێستگەی بوشەهری ئەتۆمی، کەوتووەتە دووری 17 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری بوشەهر لە لێواری کەنداو، وێستگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئەتۆم، لە 12ـی سێپتێمبەری 2011 کراوەتەوە و کار دەکات.
وێستگەی ئەسفەهان
لە وێستگەی ئەسفەهان یۆرانیۆم پاک دەکرێتەوە بۆ لابردنی پیسییەکان و بە شێوەیەکی کیمیایی دەگۆڕدرێت بۆ گازی یۆرانیۆمی هێکسافلۆراید، کە دواتر سارد دەکرێتەوە و پاک دەکرێتەوە تاوەکو ڕەق دەبێتەوە.
دامەزراوەی ئەردکان
کار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی قورس دەکات کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی ئەتۆمییە، دامەزراوەکە لە شاری ئەردکان لە ناوەڕاستی ئێران دروست کراوە.
وێستگەی قوم
وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمە و کەوتووەتە ناوەڕاستی ئێران.
وێستگەی ئاراک
وێستگەی ئاراک لە شاری ئاراک، ئاوی قورس بەرهەم دەهێنێت کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی کەرەستەکانی ئەتۆمی.
کارگەی ساگنەد
ساڵی 1985 یۆرانیۆمی خاوی تێدا دۆزراوەتەوە، ساڵی 2006 کارگەیەکی لەسەر دامەزرێندرا، ساڵانە 50 بۆ 60 تۆن یۆرانیۆم بەرهەم دێنێت.
وێستگەی جیهان
دوو کانگای پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدایە، کانگایەکی بۆ دروستکردنی کێکی زەرد، کە جۆرێکە لە تۆزی یۆرانیۆم. کێکی زەرد، تاڕادەیەک سووکە، چڕییەکەی هاوشێوەی چڕی گۆگردە، بۆ ئامادەکردنی سووتەمەنی ئەتۆمییەکان بەکاردێت، بەڵام دەتوانرێت بە مەبەستی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیش بەکار بێت.
دامەزراوەی پارشینی سەربازیی
کەوتوەتە باشووری تاران، کار لەسەر توێژینەوە و پەرەپیدانی بەرهەمهێنانی مووشەک و تەقیینەوەکان دەکات.
وێستگەی ئەناراک
پێگەیەکە بۆ کۆگاکردنی کەرەستە تیشکدەرەکانی ئەتۆمی.