كارۆخ خۆشناو
نووسەر
(تــا)ی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئهمهریكا لە (تــا)ی کۆڕۆنا گەرمترە!
چاوەڕواندەکرێت سەیر و سەمەرەترین هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مێژووی ئهمهریكادا ئەنجام بدرێت
دوای (65) رۆژی دیكه، خەڵکی ئهمهریكا بۆ (59)مین جار لەمێژوودا، دەچنە سەر سندوقەکانی دهنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و (1/3) ئەندامانی ئەنجومەنی پیران.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هەردوو پارتە سەرەکیەکەی ئهمهریكا (کۆماری و دیموکرات) کۆنگرەی نیشتمانی خۆیان بەست و بە شێوەیەکی فەرمی کاندیدەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئهمهریكا ناوزەد کرد.
چاوەڕەوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا لە (تـــا)ی پەتای کۆرۆنا گەرمتر بێت.
لاتان سەیر نەبێت ئەگەر بڵێم پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی ئهمهریكا هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ دەبێت لە گوتاری نا عەقڵانی و تەخوینکردن و جوێن و قسەی نەشیاو، بەڵام جیاوازیەکەی لەوەدایە (تـــا)ی هەڵبژاردنەکانی ئهمهریكا تەنها پێش هەڵبژادن گەرم دەبێت و دواتر سارد دەبێتەوە و هەر کام لە بەربژێرەکان (ترەمپ یان بایدن) دەربچن، لە گوتاری سەرکەوتندا دەڵێت "هەڵبژاردن تەواو بوو، من سەرۆک و خزمەتکاری هەموو ئەمهریکییەکانم بە بێ جیاوازی (بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە) لە چوار ساڵی داهاتوودا بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی دەستوور بۆی دیاریکردووم، ئەوپەڕی توانام دەخەمە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن".
ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئهمهریكا چەند خەسڵەتێکی جیاوازی لە هەڵبژاردنەکانی پشووتر لە خۆگرتووە، لەوانە:
1- یەکەمجارە ژنێکی رەشپێست (کاماڵا هاریس) وەک بەربژێر بۆ جێگری سەرۆک (جۆ بایدن) کاندید بکرێت.
2- ئەگەر بەربژێری دیموکراتەکان (جۆ بایدن) سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا دەبێتە بەتەمەنترین سەرۆکی ئهمهریكا، چونکە تەمەنی (78) ساڵە، هەروەها دەبێتە سەرۆکی ژمارە (46)ی ئهمهریكا.
3- بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆناوە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دەنگدان بە (پۆستە) یەک لەسەر سێ کۆی ژمارەی دەنگدەران پێکبهێنێت.
(دۆناڵد ترەمپ) دژی ئەم شێوازەی دەنگدانەیە بە (پۆستە)، چونکە دەڵێت ساختهكاری تێدا دەکرێت، بەڵام ئەم شێوازەی دەنگدان بەدڵی (جۆ بایدن)ە و دەڵێت مافی هاووڵاتی ئەمریکییە کە بەهۆی کۆرۆناوە لە ماڵەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
4- لە مێژووی (220) ساڵەی (کۆشکی سپی)دا، یەکەمجارە پارتی کۆماری کە تەمەنی (156) ساڵە ئاهەنگی کۆنگرەی نیشتمانی پارتەکەیان ببەنە کۆشکی سپی.
5- ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردن بباتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکی بازرگان کە دوو خولی سەرۆکایەتی ئهمهریكا بباتەوە، چونکە ترەمپ کەمترین ئەزموون و زانیاری و سەروکاری هەبووە لەگەڵ سیاسەت بەگشتی و سیاسەتی دەرەوە بەتایبەتی.
6- ئەگەر ترهمپ لە هەڵبژاردن بدۆڕێت ئەوا دەبێتە سێهەم سەرۆک کە لە (12) خولی هەڵبژاردنەکانی پێشودا نەیانتوانیووە لە خولی دووەمدا سەرکەوتن بەدەست بێهنن، چونکە لە (48) ساڵی ڕابردوودا تەنها دوو سەرۆکی ئهمهریكا لە خولی دووەمدا دۆڕاون ئەوانیش (جیمی کارتەر و جۆرج بۆشی باوک)
چاوەڕواندەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا گەرمترین و سەیر و سەمەرەترین هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مێژووی ئهمهریكادا ئەنجام بدرێت، هەر لە ئێستاوە (تـــا)ی هەڵبژاردن زۆر گەرمترە لە (تــــا)ی کۆڕۆنا و هەر دوێنی لە کۆتا ڕۆژی کۆنگرەی نیشتیمانی کۆماریەکان، ترهمپ گوتی:
٭ ئەمەریكا لەو شەڕانە دەكێشینەوە كە هیچ كات كۆتایی نایەت.
٭ هەردوو گەورە تیرۆرستی جیهانی سلێمانی و بەغدادیمان كوشت ئێستا جیهان ئارامترە.
٭ ئابوورییەكەمان دەگۆڕین لە (Made in china بۆ Made in USA)
٭ بایدن دەیەوێت ئابووری ئەمەریكا وێران بكات، ئێمە ئابوورییەكی مەزن دروست دەكەین و زیاتر باج كەم دەكەینەوە.
٭ داوا دەکەم تێستی ماددە هۆشبەرەکان بۆ خۆم و جۆ بایدن بکرێت پێش دیبەیتکردن لە مانگی تشرینی یەکەمدا.
چاوەڕوان دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا (ئەتمۆسفێرێکی بارگاوی) پڕ لە تیر و توانج بەرهەم بێت لە نێوان ترهمپ و بایدن و ئەندام و لایەنگرانی هەردوو پارتی سەرەکی ئهمهریكا (کۆمارییەکان و دیموکراتەکان).
*سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی