بەڤیدیۆ؛ ماکرۆن بە توڕەییەوە سەرزەنشتی رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی دەکات

"ئەوەی کردت کارێکی خراپ، ناپیشەیی و شەرمەزارکەرە"

K24 - هەولێر

بەهۆی "ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی ماکرۆن لەگەڵ پەرلەمانتارێکی لوبنان"، سەرۆکی فەرەنسا توڕە دەبێت و بە دەنگی بەرز سەرزەنشتی ئەو رۆژنامەنووسە دەکات کە بابەتەکەی بڵاوکردووەتەوە.

ڤیدیۆکە رۆژی چوارشەممە، لە میدیاکانی فەرەنسا بڵاوبووەتەوە، تێیدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە توڕەییەوە دەردەکەوێت کاتێک بە دەنگێکی بەرز بە رۆژنامەنووسە فەرەنسییەکە دەڵێ "تۆ هەڵەت کرد".

ئەو رۆژنامەنووسەی ماکرۆن سەرزەنشتی دەکات، ناوی جۆرج مالبرونۆیە، لە ماڵپەڕی (لو فیگارۆ - Le Figaro)ـی فەرەنسی بابەتێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ماکرۆن بڵاوکردبووەوە. مالبرونۆ، بەوە ناسراوە، یەکێکە لە شارەزایانی بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فەرەنسا.

بابەتەکە چی بوو؟

مالبرونۆ لە بابەتێکیدا ناوەڕۆکی "کۆبوونەوەیەکی ماوەکورت"ـی سەرۆکی فەرەنسای لەگەڵ محەمەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی وەفا بۆ بەرگری لە پەرلەمانی لوبنان ئاشکرا کردووە، کە لە 6-8-2020 کۆبوونەتەوە.

لە بابەتەکەیدا، رۆژنامەنووسە فەرەنسییەکە نووسیویەتی "لە سەرچاوەیەکی فەرەنسییەوە لە بەیرووت. ماکرۆن لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا کە 8 خولەکی خایاندووە و لەسەر داواکاریی رەعد بووە، گوتوویەتی: دەمەوێت کارتان لەگەڵدا بکەم بۆ گۆڕینی لوبنان، بەڵام بیسەلمێنن ئێوە لوبنانین، چونکە هەموومان دەزانین ئەجێندای ئێرانیتان هەیە. مێژووتان بەباشی شارەزاین، ناسنامەی تایبەتتان دەناسین، بەڵام ئایا ئێوە لوبنانین، بەڵێ، یان نەخێر؟ ئایا ئێوە یارمەتیی لوبنانییەکان دەدەن؟... بگەڕێنەوە وڵات و واز لە سووریا و یەمەن بهێنن، با ئەرکی ئێوە لێرە، بنیادنانی دەوڵەت بێت، وڵاتێکی نوێ کە خزمەتی منداڵەکانتان دەکات".

لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە، رەعد لە بەیاننامەیەکدا رەتیکردەوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بەو شێوەیەیە بووبێت، راشیگەیاند "دەبێت ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە نهێنی بمێنێتەوە".

ماکرۆن چی دەڵێ؟

ماکرۆن ئەو قسانەی لە دوایین سەردانی بۆ بەیرووت بە رۆژنامەنووسە فەرەنسییەکە گوتووە.

سەرۆکی فەرەنسا لە ڤیدیۆکەدا بە توڕەیی دەردەکەوێت و روودەکاتە جۆرج مالبرونۆ و دەڵێ "ئەوەی تۆ کردت، کارێکی نابەرپرسانەیە لەو رەوشە هەستیارەی لوبنان، ... ئەوەی کردت نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر فەرەنسا، نابەرپرسیارێتییە بۆ بەرژەوەندییەکانی لێرە... بەردەوام گوێبیستم بووی کە بەرگری لە رۆژنامەنووسان دەکەم، بەردەوامیش دەبم، بەڵام بە راشکاوی پێت دەڵێم؛ ئەوەی کردت کارێکی خراپ، ناپیشەیی و شەرمەزارکەرە".

رۆژنامەنووسەکە، کە لەبەرامبەر ماکرۆن وەستاوە، بەبێ ئەوەی یەک وشە بدرکێنێت، تەنیا سەری دەلەقێنێ و دووردەکەوێتەوە.