
عارف ڕوشدی
نووسەر
خۆنواندنی هەرزەکارانە لە بواری کایەی سیاسیدا

سەرهەڵدانی دیاردەی قێزەوەنی (خۆنواندنی هەرزەکارانە) لە بواری کایەی سیاسیدا و بەکارهێنانی زمانێکی دواکەوتوو لە ئاراستەیەکی بێزراودا، لە ژێر ناو و بیاونوی ئازادی (ڕەخنەگرتن)دا، قوناغێکی سەختی کومەڵگای کوردەوارییمان پێک دێنێت. سەختییەکەی لەوەدایە، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ، تەوژمی هەرزەکاریی، نوقمی ناپاکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بووتەوە و زۆر مەترسیدارترە لە هەموو جورێکی دیکەی گەندەڵی، بە هۆکاری بەزاندنی هەمو سنوورەکان و ڕێخۆشکەرە لە بەردەم تاودانی پیلانەکانی داگیرکەری بەغدای تروپکی هزری دارزاوی شوڤینییەت لە دژی گەلەکەمان.
پێویستە کۆمەڵانی خەڵک، هەستیارانە تێروانینیان هەبێت لە هەڵسوکەوت و خواستە شاراوەکانی ئەکتەرەکانی ئەم ڕەوتە بە هەموو ناونیشانەکانیانەوە، لە کردەوەکانیان سوودمەندبن لە ناسینیاندا. چەند ساڵێکە بە هۆکاری هەندێ (کەموکوڕی) لە ئەنجامی سیاسەتی چەوتی بەغدا بەرامبەر بە مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، نەخاسمە لە بواری دابینکردنی بوججەی ساڵانە، لە هەوڵی قوستنەوەی کەشی فەراهەمکراوی ئازادین بەمەبەستی گڵاوی پەخشکردنی (هەستی بێئومیدی و یاخیبوون لە ناسنامەی نەتەوە و نیشتیمان) بە تایبەتی لە ڕیزەکانی توێژی گەنجدا، لەوەشدا بە پشتیوانی گرووپە باڵادەستەکانی حووکمڕانی بەغدا توانیویانە کاریگەری نەرێنی تا ڕاددەیەک بەرهەم بێنن.