دوو مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران

مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا تەقێندرانەوە

K24 - ھەولێر

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران، بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵیش، هەردوو مووشەکەکە، لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئاسمانی ناوچەکە تەقێنرانەوە.

پێشتریش شانەی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، لە رێگەی خێرای دیوانییە بۆمبێک و لە سنووری پارێزگای بابلیش، بۆمبێکی دیکە بە کاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانە تەقیوونەتەوە، کە کەلوپەلی لۆجستی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دەگوازنەوە.

بەهۆی ئەم هێرشانەوە تا ئێستا، هێزەکانی ئەمەریکا لە 8 بنکەی سەربازیان لە عێراق کشاندووەتەوە.

لەكاتی شەڕی داعش ئەمەریكا 5200 سەرباز، راویژکار و راهێنەری لە عێراق بڵاوكردنەوە. چەند رۆژێك لەمەوبەر بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ترەمپ ئاشكرای كردبوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری كشاندنەوەی ھێزەكانیان لە عێراق دەدات و لە قۆناغی یەكەمدا یەک لەسەر سێی هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە.