بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلەی ڕێختەر لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای دا
دەستەی ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلەی ڕێختەر لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای داوە، دەشڵێت: مەترسیی ڕوودانی تسونامی نییە.
بومەلەرزەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، لە قوڵایی 80 کیلۆمەتر و بەدرێژیی نزیکەی 177 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری تەوال لە هەرێمی مالوکۆی داوە.
دەستەی ئاماری جیۆلۆجی ئەمەریکا دڵنیایی داوە لەوەی، مەترسی دروستبوونی تسونامی نییە، هیچ ئامارێکیشی لەبارەی زیانە مرۆیی و ماددییەکان ئاشکرا نەکردووە.
ئیندۆنیزیا زۆر جار بومەلەرزە و ڕووداوی گڕکانی تێدا تۆمار دەکرێت، بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە سەر "پشتێنەی ئاگرین لە زەریای هێمن"
لەمانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021، بومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.2 پلەی ڕێختەر لە وڵاتەکەیدا کە تێیدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا.
هەروەها لە ساڵی 2018، بومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.5 پلەی ڕێختەر لە بالۆ لە سولاوێزی ڕوویدا و بەهۆیەوە تسوونامی سەریهەڵدا کە تێیدا زیاتر لە دوو هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستدا.
170 هەزار کەسیش ساڵی 2004 گیانیان لەدەستدا، بەهۆی ئەو بومەلەرزەی بەپلەی 9.1 لە هەرێمی ئاتشییەی دا کە لە ئەنجامدا تسونامی ڕوویدا.