عێراق.. ساڵانە هەزاران ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە ڕوو دەدەن

لە عێراق ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کێشەی بۆ ژینگە دروست کردووە، لە ساڵانی ڕابردووشدا  زۆرترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو وڵاتە ڕوویداوە.

بەڕێوبەری سەنتەری ستراتیجی بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکەی باڵەخانەی هایپەر مارکێت، تاوانێکی گەورەی مەبەستدار بوو.

فازڵ غەراوی، بەڕێوبەری سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق  ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ژمارەی ئەوانەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەستدا، گەیشتە 69 کەس، دەشڵێت:  تاوەکو ئێستا تیمە پزیشکییەکان پشکنین بۆ تەرمی ئەو قوربانیانە دەکەن کە توانای ناسینەوەیان نییە، چەند کەسێک بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە خنکاون، ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەدوای تەرمی دیکەی ئەو هاووڵاتیانە دەگەڕێن کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە.

فازڵ غەراوی دەڵێت، ڕووداوەکە لەوکاتەدا دەستی پێکرد، کە بەرپرسانی عێراق ڕێگە بە دروستکردنی سەدان باڵەخانە و مۆڵ دەدەن بێ ئەوەی جەخت لەبوونی سەلامەتی هاووڵاتیان بکەنەوە، هیچ بەدواداچوونێکیش ناکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت ئەو شوێنە تاچەند سەلامەتە تاکوو هاوڵاتی ڕووی لێبکات، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەم لێپێچینەوە لەگەڵ تەواوی بەرپرسان و ئەو کەسانە بکات کە مۆڵەت بەم بازرگانانە دەدەن.

غەراوی دەڵێت، ئاگرکەوتنەوە لە عێراق وەکو دیاردەیەکی ترسناکی لێهاتووە،  بەجۆرێک ساڵی 2022  زیاتر لە 31 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویانداوە، ساڵی 2023 زیاتر لە 34 هەزار و 500 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ڕوویانداوە

هەروەها ساڵی 2024 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 21 هەزار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق ڕوویان داوە و زیانی گەورەی ماددی و مەعنەوی لە ناوچەکە هەبووە.

بەپێی زانیارییەکان، 60٪ـی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کارەبا و کۆگاکردنی ئەو ماددانەی کە شیاوی ئاگرگرتنن، هەروەها 25٪ـی بەهۆی  کەمتەرخەمیی مرۆڤەکانەوەییە، ٪15 هۆکارەکانی دیکەن.

 گەورەترین ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە کەلەم چەند ساڵەدا ڕوویدا بریتین لە:

ئاگری هۆڵی ئاهەنگێڕان لە نەینەوا ساڵی 2023 ڕوویدا و 120 کەس لە ڕووداوەکەدا مردن و زیاتر لە 200 کەسیش بریندار بوون، هەروەها ئاگر لە نەخۆشخانەی  حەسەن لە ساڵی 2021 کەوتەوە کە تێیدا زیاتر لە 91 کەس گیانی لەدەستدا، ساڵی 2021 ئاگر لە سەنتەری تایبەت بە کۆڕۆنا لە نەخۆشخانەی (ئیبن خەتیب) کەوتەوە کە زیاتر لە 82 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا.

کۆتا ئاگر کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا لە مۆڵەکەی کوت، 69 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا.

فازڵ غەراوی داوا دەکات بەزووترین کات، دادوەر لیژنەیەک ڕاسپێرێت بۆ بەدواداچوونی ورد نەک تەنها بۆ ئەم ڕووداوە، بەڵکو بۆ هۆکاری ڕوودانی ئەم ڕووداوە، دەڵێت: لێژنەکە لەو کەسانەوە دەست پێبکات کە یاسا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و ڕێگە پێدانی دروستکردنی بینا و باڵەخانە دەبێت لەژێر چاودێری لیژنەکە دابێت نەک تەنها بەرپرسێک، تاکوو بتوانێک بڕیار بدات و ژیانی سەدان و هەزاران هاوڵاتی بخاتە مەترسییەوە، غەراوی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوشوێنە گشتیانە هیچ مەرجێکی تەندروستی و فریاگوزارییان تێدا نییە، کاتێک لە ماڵەکانمان دەچینە شوێنێکی گشتی، نابێت بەتەمای گەڕانەوە بین، دەڵێت: داوا لە حکوومەت دەکەم ڕێگە نەدات چاوپۆشی لە کەمو کورتییەکان بکرێت.