بڕیارێکی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ دیپۆرتکردنەوەیان، ئێزدییەکانی نیگەران کردووە
بڕیارە نوێکانی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ دیپۆرتکردنەوە و گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان، پەنابەرانی دڵگران کردووە، ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئێزدیش بەر بڕیارە نوێکەی حکوومەتی ئەڵمانیا دەکەون، ئەوان باس لە نەهامەتی ژیانی خۆیان و کاریگەرییە خراپەکانی ئەم بڕیارە دەکەن، دەڵێن: لە شەڕ و وێرانی هەڵاتین و خۆمان گەیاندە ئەڵمانیا، کەچی ئەڵمانیاش دەمانگەڕێنێتەوە هەمان شوێن کە لێی هاتووین.
قاسم جەمیل، گەنجێکی ئێزدی پەنابەرە لە ئەڵمانیا، بۆ کوردستان24 گوتی: هاتینە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی ئایندەیەک بۆخۆمان دروست بکەین، کار بکەین و بخوێنین، ناکرێ ئێمە بەزۆری بگەڕێننەوە کە نازانین جارێکی دیکە، کەی کارەساتێکی دیکە بەسەر شنگالدا دێتەوە، نازانین کەی بۆمبێک بەر ماڵمان دەکەوێت و هەموومان دەکوژێت، هاتینە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی دووربین لەم ترس و دڵەڕاوکێیە، دەڵێت: لە عێراق دوژمنی ئێمە زۆرن، قسەی زۆر خراپ لەبارەی ئێمە دەگوترێت.
جەمیل ئیسماعیل، جێگری سەرۆکی ماڵی ئێزدیان لە ئەڵمانیا، لەبارەی کێشەی ئێزدیە پەنابەرەکان بۆ کوردستان24 گوتی: بە بڕیارەکەی ئەڵمانیا زۆر دڵگرانین، پاش ئەوەی هەر پەنابەرێک زیاتر 30 کیلۆمەتر بە ئاو دەبڕێت و بەچەندین زەحمەت و مەترسی دەگاتە ئەڵمانیا، ئەڵمانیش دەیگەڕێنێتەوە، بۆ هەر پەنابەرێک دۆخێکی زۆر سەختە.
دەڵێت: پێویستە حکوومەتی ئەڵمانیا پێداچوونەوە بە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران بکات و بڕیارەکە جێبەجێ نەکات.
بەپێی داتاکان لە ئەڵمانیا، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 پەنابەر ڕەوانەی عێراق و لەنێویشیاندا کوردستان، کراونەتەوە، وەرنەگرتن و گەڕاندنەوەی پەنابەران تا دێت لە وڵاتی ئەڵمانیا زیاتر دەبێت.